٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. دیندار زێباری: بودجە، کاریگەریی بەسەر ئاستی خزمەتگوزاری کەمپەکانەوە هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  د. دیندار زێباری ڕایگەیاند کە، لەئێستادا بە هۆی كەموكورتی لە بودجەی هەرێمدا و کە لە راگرتنی لەلایەن بەغداوە سەرچاوەی گرتووە، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە شێوەیەكی گشتی لە ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكان بۆ پەنابەران دووچاری ئاستەنگ بووەتەوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر ستافەكان لە كەرتی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و هەروەها کاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەكە هەیە.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، د. دیندار زێباری بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، لەئێستادا تێكڕای ژمارەی پەنابەران لە عیراق گەیشتووەتە نزیكەی 215,000 پەنابەر و لە كۆی ئەو ژمارەیە 213,000 پەنابەر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.

بەگوتەی زێباری پەنابەران بەم شێوەیە بەسەر شارەکانی هەرێـی کوردستاندا دابەش بوون، لە دهۆك 102,000 پەنابەر هەن كە بەشی زۆری لە كەمپی دومیزن بە ڕێژەی 69.033 پەنابەر، هەولێر 82,208  و سلێمانی 22,626  پەنابەر. هەروەها ژمارەی كەمپەكان لە عێراق كە نزیكەی (10) كەمپن و گەورەترینیان لە دهۆكە بە ناوی دومیز و لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش پارێزگای دهۆك رێژەی هەرەزۆری بەركەوتووە كە دەكاتە 104,000 پەنابەر.

لەلایەكی دیكەوە باسی لەوە كرد كە بەشی زۆری پەنابەران خەڵكی شاری حەسەكەن  و بەشی زۆری كوردەكان خەڵكی قامیشلۆن، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دیكەی پەنابەران خەڵكی شارەكانی دیكەی وەك دیمەشق و ئەلیپۆن.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، هاوکات ڕۆشنایی خستە سەر پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی ناو كەمپەكان كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرزی ژمارەی پەنابەراندا، كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بە هاوكاریی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی دیكەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها دامودەزگا حكوومییەکان پێداویتسییەكانی وەك گەیاندنی تۆڕی ئاو و كارەبا و دابینكردنی شوێنی حەوانەوەی دابین کردووە. بەڵام لەئێستادا لەبەر كەموكورتی لە بودجەی هەرێمدا و بە هۆی راگرتنی لەلایەن بەغداوە، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە شێوەیەكی گشتی لە ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكان بۆ پەنابەران دووچاری ئاستەنگ بوونەتەوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر ستافەكان لە كەرتی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و هەروەها کاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەكە هەیە.

لەسەرەتای ساڵی 2012 بەهۆی نالەباری و تێكچوونی باری ئەمنی لە سووریا ژمارەیەكی زۆری پەنابەران ڕوویان لە وڵاتەكانی توركیا و ئوردن و لوبنان و عێراق كردووە، بەمەیش لە هەرێمی كوردستان، ڕێكخراوی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بە هاوكاریی دەزگا حكوومییە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە پەنابەران.

 جێگای باسە تائێستا حكوومەتی فیدراڵ لە بەغدا و وڵاتانی كۆمەكبەخش هیچ هاوكارییەكی راستەوخۆیان پێشكەش بە حكوومەتی هەرێم نەكردووە بۆ پەنابەران، جگە لە هەندێك یارمەتیی سەرەتایی نەبێت كە لە رێگای رێكخراوەكانی بیانی و ئاژانسەكانی یوئێنەوە پێشكەش كراون، ئەمەش وەك پێویست نەبووە.

هەواڵی پەیوەندیدار