هەنگاریا كۆنسووڵخانە لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە
__2014_06_10_h15m18s13__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق ڕایگەیاند کە، دوابەدوای سەردانە مێژووییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاریا و دیداری لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، وەرچەرخانێكی گەورە لە مێژووی پەیوەندیی نێوان هەردوولا هاتە كایەوە و ئێستا لە ئامادەكاریدان بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆنسووڵگەریی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستاندا بكرێتەوە و راستەوخۆ دەست بە كارەكانی بكات.
ئەمرۆ سێشەممە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكیپێشوازی لە باڵیۆزی هەنگاریا لەعێراق، دكتۆر تیبۆر سات ماری كرد. لە دیدارێكدا باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بەو پێشكەوتنە بەرچاوانەی بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و سەقامگیریی باری ئەمنیی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە سەرەڕای هەڕەشەی تیرۆریستان، بەڵام بە ناوچەیەكی جیاواز لە عێراق دێتە ژماردن و ئاماژەیشی دا، "دوابەدوای سەردانە مێژووییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاریا و دیداری لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە وەرچەرخانێكی گەورە لە مێژووی پەیوەندیی نێوان هەردوولا هاتە كایەوە و ئێستا لە ئامادەكاریداین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆنسووڵگەریی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستاندا بكرێتەوە و راستەوخۆ دەست بە كارەكانی بكات."
هاوكات ستراتیژیەتی كارەكانی خۆیانی خستە روو كە وێڕای پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا لەبواری وزەدا هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە بواری پەروەردەیشدا بڕیاریان داوە، ساڵانە سیی قوتابی لە زانكۆكانی سلێمانی و سەڵآحەدین بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا رەوانەی زانكۆكانی هەنگاریا بكەن و تیمێكی شوێنەوارناسیی هەنگاریایش بۆ ئاشناكردنی شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان بە جیهان، لەهەرێم دەستبەكارن و لە بوارەكانی تری رۆشنبیری و هونەری و هاندانی هاتنی كۆمپانیان هەنگارییەكان هەنگاو دەنێن.
لەبەرامبەردا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی هەنگاریای لە عێراق كرد و ئامادەیی دەربڕی بۆ هەموو ئاسانكارییەك لە كردنەوەی كۆنسووڵخانە و دووپاتی كردەوە كە مێژوو و ئەزموونی دیموكراسیی هەنگاریا بۆ هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی گرینگە و هیوای خواست بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی كاری پەرلەمانیی هەنگاریا، پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی هەردوولا لە ئاستی پێویست بێ بە گۆڕینەوەی شاندی پەرلەمانی و كردنەوەی خولی جۆراوجۆر لە بواری یاساداناندا.
هەر لە دیدارەكەدا هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی عێراق و هەرێمی كوردستان و رەوشی ئەمنی و بارودۆخی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە كرا.




