فڕاكسیۆنی زەرد داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەكات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ فڕاكسیۆنی زەرد كۆبوونەوەیەکی ساز داوە و لە نووسراوێیكدا و بە واژۆی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە كە كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر دۆخی ئێستای مووسڵ ئەنجام بدات.
دوای ئەوەی گرووپە چەكدارەكانی داعش دەستیان بەسەر مووسڵدا گرت، خەڵكێكی یەكجار زۆر روویان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆیە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
ئەمشەو چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش"، توانییان دەست بەسەر ناوەندی شار و بینای پارێزگای مووسڵدا بگرن و ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی مووسڵیش ئاوارە بوون و روویان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمەیش ئەگەری روودانی قەیرانێكی مرۆیی لێ دەكرێت، بۆیە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەكات.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمان ئۆمێد خۆشناو، بە kdp.infoـی راگەیاند: ئەمڕۆ فڕاكسیۆنی پارتی كۆبوونەوەی خۆی كردووە و لە نووسراوێكدا و بە واژۆی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە كە كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر دۆخی ئێستای مووسڵ ئەنجام بدات. چونكە بە ڕای ئەو، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەبێت.
ئومێد خۆشناو گوتیشی كە بارودۆخی ئێستای عێراق دەرەنجامی كێشە كەڵەكەبووەكانە كە لە سیاسەتە تاكڕۆییەكانی سەرۆكوەزیران نووری مالیكی كەوتووەتەوە و، نەیشیشاردەوە كە ئەوە سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ تەشەنەسەندی شەڕی تایفیی گەورەتر.
ژیوار




