داعش لە جومگە سەرەكییەكانی مووسڵ نزیك بووەتەوە... خەڵکی داوا دەکەن پێشمەرگە بە هانایانەوە بچن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسیی ڕەوشی مووسڵ دەخاتە ڕوو دەڵێت "چارەسەر نەماوە دەبێت هێزی پێشمەرگە بێتە شارەكەوە."
كەمێك پێش ئێستا هێزی داعش پێشڕەوییان کردووەوە و لە جومگە سەرەكییەكانی پارێزگای مووسڵ نزیك بوونەتەوە، لەوانەش باڵاخانەی پارێزگای مووسڵ و ئەنجوومەنی پارێزگا و زانكۆی مووسڵ.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، مەحما خەلیل بە KDP.info-ی ڕاگەیاند: "دۆخەكە زۆر ئاڵۆز بووە و داعش لە پێشڕەویدایە و سوپای عێراق بەرگریی نەماوە. كەمێك پێش ئێستایش مەترسیی لەسەر جومگە سەرەكییەكانی مووسڵ دروست بووە، بە تایبەتی دوای لەدەستدانی كۆنترۆڵی ئەو شارە."
دەشڵێت: "خەڵكی مووسڵ داوایان لێ كردووین كە هێزی پێشمەرگە بێتە شارەكەوە، چونكە ئەگەری هەیە حكوومەتی عێراق نەتوانێت كۆنترۆڵکردنی مووسڵ لەدەست داعش دەربێنێتەوە."




