٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەلاح مستەفا: وەک چۆن یەکەم کەشتیی نەوتمان بەڕێ کرد، دووەمیش بەڕێ دەکەین و بەردەوامیش دەبین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا دەربارەی بەڕێککەوتنی دووەم کەشتی کە نەوتی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتووە، ڕایگەیاند، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ و لەم هەنگاوەیش پاشگەز نابنەوە، گوتیشی، "کاتێک کەشتیی یەکەممان بەڕێ کرد، هیی دووەمیش بەڕێ دەکەین و سەرباری ئاستەنگەکانی بەغدا لەبەردەم ئەم پرۆسەیە، ئێمە بەردەوام دەبین."

فەلاح مستەفا تایبەت بەKDP.info ڕاگەیاند، "دوای چاوەڕوانییەکی زۆر لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان ئێمە و بەغدا، کە بەغدا سەرچاوەکەیەتی و گرفتەکەیش لە بەرجەستەنەکردنی دەستوورەوە سەرچاوەی گرتووە، نەگەیشتینە چارەسەر. چونکە بەغدا و دەستەڵاتدارانی دەیانەوێت هەموو شتێک بە دەست ئەوان و لە دەست خۆیاندا بێت. بەغدا ویستی بەشداریی ڕاستینە و خاوەن ئیرادەیی ئێمە بە ڕەوا نابینێت، بۆیە ناچارین بۆ گێڕانەوەی مافەکانمان، هەنگاو بنێین و کەڵک لە سامانە سرووشتییەکانی خۆمان ببینین."

دووپاتیشی کردەوە کە، "هەرێمی کوردستان هەمیشە ویستی چارەسەری کێشەکانی بە ڕێی دیالۆگ هەبووە و هەیشیەتی، بەڵام ئەمە لە لایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە نابینرێت و بەمەیشەوە نەوەستا و دواجار مووچەتی فەرمانبەرانیشی بڕی، هەربۆیە هەرێمی کوردستان ناچار بوو بریتی بۆ ئەو نانبڕینەی هاووڵاتیانی هەرێم هەبێ کە هەناردە و فرۆشتنی نەوتە،  ئێستایش ئێمە ناگەڕێینە دواوە."

زیاتر گوتی، "ئەگەر بەغدا بیەوێت کۆنترۆڵی هەموو شتێکی ئێمە بکات، ئەمە بە لای ئێمەوە قبووڵ ناکرێت."

بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە "پرۆسەیەکی لەم جۆرە هەستیارە ئاسان نییە، بەڵام بەردەوام دەبین و هەروەک چۆن بەغدا هەوڵ بۆ بەربەستی زیاتر دەدات تا نەوت هەناردە نەکەین و نەیفرۆشین و کڕیارمان نەبێت، ئێمەیش هەوڵ بۆ دۆزینەوەی کەناڵی زیاتر دەدەین."

 وەک ئاماژەیەکیش بۆ هەناردەکردنی دووەم کەشتی کە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی بار کردووە و ئەمڕۆ دووشەممە، کەناراوەکانی تورکیایان بەرەو بازاڕەکانی جیهان جێ هێشتووە، مستەفا ڕایگەیاند "ئەوەی من زانیومە و دەیزانم پێوەست بە هەناردەکردنی نەوت، کە کەشتیی یەکەم نێردراوەتە دەرەوە هیی دووەمیش دەنێردرێت و لە هەناردەکردنیش بەردەوام دەبین."

دەربارەی ئەو هەواڵانیشی کە باس لە نەبوونی کڕیاری نەوت دەکەن کە گوشارەکانی بەغدا هۆکارە، گوتی "نەوتمان فرۆشتووە، بەڵام ڕەنگە لە داگرتنی بە هۆی گرفتەکانی بەغداوە پرۆسەکە ئاسان نەبووبێت، بەڵام سەرباری ئەم ئاستەنگانەیش ئێمە گرفتمان لە هەناردە و فرۆشتنی نییە و بەردەوامیش دەبین"، زیاتر گوتی "ڕاستە بۆ ئێمە ئەم پرۆسەیە نوێیە و ئەزموونی ئەوتۆمان نییە، بەڵام هەروەک چۆن بەغدا لە هەوڵی گرفتنانەوەیە، ئێمەیش لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەی کەناڵ و دۆستی زیاتر کە ئاسانکاری بکات لەم پرۆسەیەدا."

چاودێریی کەشتییەوانیی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز "ئەی ئای ئێس"، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند کە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی بار کردووە، بەندەری جەیهانی تورکیایی کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەرەو بازاڕەکانی جیهان جێ هێشت.

ئەمە دووەم کەشتیی نەوتهەڵگرە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەگوازێتەوە کە لە ڕێی بۆریی نەوتیی هەرێمی کوردستان- تورکیاوە گوێزراوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

KDP.info هەوڵی دا بەرپرسێک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێـمی کوردستان بدوێنێت، بەڵام هەوڵەکانی بێئاکام بوون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار