دووەم کەشتیی نەوتی هەرێم، تورکیای جێ هێشت

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەی حکوومی و کەرتی نەوت ڕایانگەیاند کە، دووەم کەشتیی بارهەڵگری نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان، بەندەری جەیهانی تورکیای بەرەو بازاڕەکانی جیهان جێ هێشت.
بەپێی زانیارییەکانی چاودێریی کەشتییەوانیی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز "ئەی ئای ئێس"، ئەمڕۆ دووشەممە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی بار کردووە، بەندەری جەیهانی تورکیایی کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەرەو بازاڕەکانی جیهان جێ هێشت.
ئەمە دووەم کەشتیی نەوتهەڵگرە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەگوازێتەوە کە لە ڕێی بۆریی نەوتیی هەرێمی کوردستان- تورکیاوە گوێزراوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
بەرلە چەند ڕۆژێک وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، تانەر یڵدز ڕایگەیاند کە 2ملیۆن و 800هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە عەمبارەکانی بەندەری جەیهان کۆ کراوەتەوە و ئامادەی بارکردنە و دواتر گوێزتنەوەیەتی بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بەرپرسی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەعبانیش دوو ڕۆژ پێشتر ڕایگەیاند کە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپایی کڕیاری ئەو نەوتەن کە هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی دەکات، ئەمەیش پاش ئەو دەنگۆیانە دێت کە گوایە یەکەم کەشتیی بارهەڵگر کە نەوتی هەرێمی کوردستانی بەرەو ئیتالیا و ئەڵمانیا گوێزتبووەوە، بە هۆی هەڕەشەکانی بەغداوە کڕیاری نییە.




