٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردانی شەبەك داوای هێزی پێشمەرگە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێم دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ- تایبەت بە KDP.info- ئەمڕۆ كوردانی شەبەك لە سنووری پارێزگای مووسڵ خۆپێشاندانێكیان ساز كرد و داوای هێزی پێشمەرگە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرد. لە بەرامبەردا ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، داواكارییەكانیان دەگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و نوێنەری كوردانی شەبەك غەزوان حامد، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا تەقینەوە لەناو كوردانی شەبەك ڕووی دا، ئەمڕۆ خەڵكی گوندی مۆفەقیە كە تەقینەوەكەی لێ ئەنجام درابوو، خۆپێشاندانێكیان ئەنجام دا و تێیدا چەند داواكارییەكیان خستە ڕوو.

سەبارەت بە داواكارییەكانیان، غەزوان حامد گوتی: داواكارییەكانیان بەدەست ئێمە گەیشتووە و لە چەند خاڵێك پێك دێت، لەوانە هێزی پێشمەرگەیان بۆ ڕەوانە بكرێت، چونكە پێیان وایە سوپای عێراق ناتوانی ئەوان پارێزی و تەنانەت لە رۆژی تەقینەوەكەدا بەهانایشیانەوە نەچوون.

نوێنەری كوردانی شەبەك هاوكات ڕوونیشی كردەوە: یەكێكی دیكە لە خاڵەكان ئەوە بوو كە داوا دەكەن ناوچەكەیان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و چیتر سەر بە پارێزگای مووسڵ نەبن، چونكە خزمەتیان نەكراوە و لە خزمەتگوزاری بێبەشن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی: ئێمە داواكارییەكانیان دەگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان، لەوانە لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، چونكە زۆرینەی كوردانی شەبەك لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستانن.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار