هێزەكانی زیرەڤانی 110 قوتابیی دیكەی كوردیان لە مووسڵ رزگار كرد

مووسڵ- تایبەت بە KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ هێزەكانی زێرەڤانی توانییان 50 قوتابیی كچی كورد كە بە هۆی شەڕوپێكدادانەكانەوە گیریان خواردبوو، رزگار بكەن، ئەمڕۆیش 110 قوتابیی دیكەیان رزگار كرد.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ سەعید مەمووزینی، بۆ kdp.infoگوتی: ماوەی چەند رۆژێكە شەڕوپێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و تیرۆریستان بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش پێنج گەڕەك لە دەست تیرۆریستاندا ماون و هێزە ئەمنییەكانیش نەیانتوانیوە لە تیرۆریستان پاكیان بكەنەوە.
سەعید مەمووزینی گوتیشی: تاوەكو ئێستا 80 هاووڵاتیی مەدەنی و نزیكەی 40 سەرباز و پۆلیس و 130 تیرۆریست كوژراون و نزیكەی 20 هەزار خێزانیش ئاوارە بوونە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: ژمارەیەكی زۆری قوتابیی كورد كە لە زانكۆی مووسڵ دەخوێنن، ماوەی چەند رۆژێك بوو بە هۆی شەڕوپێكدادانەكانەوە گیریان خواردبوو، بەڵام دوێنێ هێزێكی زێرەڤانی چوونە مووسڵ و 50 قوتابییان رزگار كرد، كە هەموویان كچ بوون و ئەمڕۆیش 110 قوتابیی دیكەیان رزگار كرد، كە زۆرینەیان خەڵكی قەزای شەنگال بوون.
سەعید مەمووزینی ئەوەیشی رەت كردەوە كە هێزێكی دیكە ئەو قوتابیانەی رزگار كردبێت و گوتی: ئەو قوتابیانە لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانییەوە رزگار كراون.
بڵند ئیبراهیم




