هێزێكی پێشمەرگە 50 قوتابیی كچی كوردی لە مووسڵ رزگار كرد

مووسڵ- تایبەت بە KDP.info- بە هۆی شەڕوپێكدادانەكانی نێوان سوپا و تیرۆریستانەوە، ماوەی دوو رۆژ 50 قوتابیی كچی كورد لە بەشەناوخۆییەك گیریان خواردبوو، بەڵام هێزێكی پێشمەرگە ئەمڕۆ رزگاری كردن.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ سەعید مەمووزینی، بەkdp.infoـی راگەیاند: تاوەكو ئێستا شەڕوپێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و تیرۆریستان بەردەوامە و ماوەی دوو رۆژ 50 قوتابیی كچی كورد كە لە زانكۆی مووسڵ دەخوێنن، بە هۆی ئەو شەڕەوە گیریان خواردبوو و نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.
سەعید مەمووزینی زیاتر گوتی: ئەمڕۆ هێزێكی پێشمەرگە چووەتە ناو مووسڵ و توانییان سەرجەم ئەو قوتابیانە رزگار بكەن و بیانگەڕێننەوە ماڵەكانیان.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی شەڕوپێكدادانەكانەوە 60 هاووڵاتیی سڤیل و 35 سەرباز و پۆلیس و هەروەها 120 تیرۆریستیش كوژراون.
بڵند ئیبراهیم




