کۆمپانیای نەوتی ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێت.. هاوشێوەی سۆمۆ دەبێت

ھەولێر-تایبەت بەkdp.info- سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە کۆمپانیای نەوتی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی کۆمپانایی سۆمۆ، دابمەزرێت.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، د.شێرکۆ جەودەت، بۆ kdp.info گوتی: ئەمڕۆ لیژنەکەیان لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و تێدا بڕیار لەسەر چەند میکانیزمێک درا بۆ پێکەوەکارکردنی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ وەزاەرتی سامانە سرووشتییەکان.
سەبارەت بە میکانیزمەکان د.شێرکۆ جەودەت گوتی: میکانیزمی یەکەم لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە ھەموو چالاکییە گشتییەکانی وەزارەت بەشدار دەبێت و، میکانیزمێکی دیکە ئەوەیە لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت و چەند پسپۆرێک تێیدا بەشدار دەبن، لەوانە پسپۆری ژینگە و ئەندازیاری نەوت و بسپۆری ئابووری و بازرگانیی بواری نەوت.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند:ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە ئێمە بەدواداچون و شیکاری بۆ ھەموو گرێبەستەکان بکەین لە رابروو و داھاتوویشدا، بۆئەوەی لێی ئاگادار بین.
ھاوکات گوتیشی: لیژنەکەیان بە ھاوکاریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان چەند پڕۆژەیاسایەک ئامادە دەکەن بۆئەوەی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، لەوانە پڕۆژەیاسای سندووقی داھاتی نەوت و کانزاکان و باجی کۆمپانیاکان و پڕۆژەیاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی ھەرێمی کوردستان کە ھاوشێوەی کۆمپانیای سۆمۆ دەبێت و دەبێتە جێگرەوەی ئەو کۆمپانیایە و نەوتی ھەرێم لە رێگەی ئەو کۆمپانیایە دەفرۆشرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا ھەرچی داواکارییەکیان لە حکوومەت ھەبووە لە ڕووی شەفافییەوە بە کردار بۆیان جێبەجێ کردوون و ھیوادارن لە داھاتوویشدا کاری زیاتر بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




