سەرۆكایەتیی پەرلەمان: بۆردوومانکردنی "زێوە" کردەوەی كۆمەڵكوژیبوو

هەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لە ساڵیادی بۆردوومانی ئۆردووگای زێوەدا، ڕایدەگەیەنێت: ئەو كارەساتە بە یەكێك لە كردەوە كۆمەڵكوژییەكان دادەنرێ كە رژێمی بەعس بە ئاشكرا چەندین جار ئەو ئۆردووگایەی بۆردوومان كردووە. ڕوونیشی دەكاتەوە: گەلی كوردستان لە سایەی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو سەركەوتنی گەورەتر و دواڕۆژی گەشتر هەنگاو دەنێ.
ئەمەیش دەقی بەیاننامەكەیە:
جەماوەری سەربەرزی كوردستان..
ئەمڕۆ یادی كارەساتێكی تری خوێناوی دەكەینەوە كە رژێمی دیكتاتۆری پێشوو بەسەر خەڵكی سڤیل و بێتاوانی گەلەكەمان لە ئۆردووگای زێوە ئەنجامی دا، ئەوە بوو لە رۆژی 9/6/1985 لە كاتژمێر نۆ و چارەگی سەرلەبەیانیدا هەشت فڕۆكەی جەنگیی رژێمی بەعس بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە ئۆردووگای زێوەیان بۆردوومان كرد و بە هۆیەوە 141 شەهید و 373 برینداری لێ كەوتەوە كە زۆربەیان ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتە بوون و لە دەست جەور و زوڵمی رژێمی بەعس ژیانی ئاوارەییان هەڵبژاردبوو.
ئەگەرچی ئەمە جاری یەكەم نەبوو ئۆردووگای زێوە بكەوێتە بەر بۆردوومانی فڕۆكەكانی رژێمی بەعس، بەڵكوو چەندین جاری تر هێرشی هاوشێوە بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و بێتاوانی ئەو شوێنە ئەنجام دراوە و چەندین شەهید و برینداری لە خەڵكی بێتاوان لێ كەوتووەتەوە.
ئەو كارەساتە بە یەكێك لە كردەوە كۆمەڵكوژییەكان دادەنرێ كە رژێمی بەعس بە ئاشكرا و بە ئامانج چەندین جار ئەو ئۆردووگایەی بۆردوومان كردووە.
ئێمە لە كاتێكدا یادی شەهیدانی ئەو تاوانە بەرز رادەگرین، ئەوەمان لە بەرچاوە كە سەرانی رژێمی بەعس ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجام دا، چارەنووسیان بە چ گەیشت و گەلی كوردستانیش لە سایەی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو سەركەوتنی گەورەتر و دواڕۆژی گەشتر هەنگاو دەنێ، بۆیە پێویستە هەموو لایەك درك بەو راستییە بكات كە سەردەمی زەبروزەنگ و بەكارهێنانی چەك و جبەخانەی گەورە بەسەر چووە و ئیرادەی گەلان هەمیشە بەسەر ئیرادەی ئەو رژێمانەدا سەركەوتووە كە بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داخوازییە رەواكانی هاووڵاتیانیان داوەتەوە.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
8/6/2014
ئا-ئومێد پشدەری




