پەرلەمانتارێک: تەنیا پارتی گرفتی لە یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانی بۆ کابینەی نوێ نییە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە بابەتی پێكهێنانی حكوومەتدا پارتی گرفتی نییە لە یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستە وزاریەكان و ئەوە حیزبە بەشداربووەکانی دیکەن کە هێشتا کاندیدەکانیان یەکلا نەکردوونەتەوە. گوتیشی، دەكرێت حكوومەت لەسەر ئەم ناوانە ڕێک بكەوێت كە ئێستا یەكلا بوونەتەوە.
لەبارەی ئەو ماوەیەی كە لە بەردەم لایەنەكاندا ماوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی زەرد، ئاسۆ كەریم لە لێدوانێكدا بۆKDP.info گوتی: "هەموو لایەنەكان ڕێكکەوتوون لەسەر ئەوەی بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتدا بكەن، لە كاتێكدا پۆستەكانیش یەكلا كراونەتەوە، تەنیا گرفتێك مابێت لەسەر ناونانی كاندیدەكانە كە ئەو ناوانە پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران بكەن، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندییان لەسەر دەربڕێت، دواجار ناوەكان ببرێنە پەرلەمانی كوردستان تا متمانەیان پێ ببەخشرێت."
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، بۆ دیاریکردنی کانیدەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان گرفتێكی نییە، بەڵاموەک ئەو دەڵیت "ئەوە بزووتنەوەی گۆڕانە بە فەرمی ناوی كاندیدەكانی دیاری نەكردووە، تەنیا وەزیری پێشمەرگە یەكلا كراوەتەوە، كۆمەڵی ئیسلامییش گرفتی ناوخۆی هەیە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانییش بۆ هەرپۆستێك كاندیدێكیان هەیە، ئەوانیش یەكلا نەبوونەتەوە و یەكگرتووی ئیسلامییش لەسەر دانانی كەسێك بۆ ناوچە جێناكۆكەكان گرفتیان هەیە".
گوتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان گرفتێكی لەم شێوەی نەبووە، بۆیە بۆ پارتی بە بەراورد لەگەڵ حیزبەكانی دیكە ئاسانتر بێت بۆ دیاریكردنی ناوی كاندیدێك".
کەریم ئاماژەیشی دا: "دەكرێت لەسەر ئەو ناوانەی لەلایەن حزبەكانەوە یەكلا كراونەتەوە حكوومەت دروست بكرێت دواتر كە كاندیدی پۆستەكان لەلایەن لایەنەكانەوە یەكلا كرایەوە ئەو كاتە دەتوانرێت سوێندنی یاسایی بخۆن".
كارزان هەورامی




