پێشمەرگە و زێرەڤانی چاوەڕێی فەرمانی (سەرۆك بارزانی)ـن

هەولێر -kdp.info- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێزەكانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێك بكرێتە سەر بارەگای لایەنە سیاسییە كوردییەكان و خەڵكی سڤیلی گەڕەكە كوردنشینەكان لە مووسڵ و لەم ڕووەیشەوە چاوەڕێی فەرمانی سەرۆك بارزانی دەكەن.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەریق جەبار یاوەر، لە لێدوانێكدا بۆ kdp.infoگوتی: تا ئێستا هیچ فەرمانێك لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە بە مەبەستی جووڵاندنی هێز بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە گشتی و مووسڵیش بە تایبەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەهاتووە، هەر كاتێكیش سەرۆك بارزانی فەرمان بكات، هێزەكانیان دەجووڵێنن.
یاوەر دەڵێت: هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر توندوتیژی و ئاڵۆزییەك لە مووسڵ كە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە بارەگای لایەنە كوردییەكان و خەڵكی سڤیلی گەڕەكە كوردنشینەكان لە مووسڵ و لەم ڕووەیشەوە چاوەڕێی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) دەكەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ kdp.infoئاشكرای كرد، هێزەكانی زێرەڤانی كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، بەردەوام لە ئامادەباشیی تەواودان و هەر كاتێك سەرۆك بارزانی فەرمان بكات، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی گەڕەكە كوردنشینەكان لە مووسڵ، هێزەكانیان دەجووڵێنن.
حاكم تاریق گەردی گوتی: هەماهەنگییەكی تەواو لە نێوان هێزەكانی زێرەڤانی و هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و هەردوو وەزارەت بە مەبەستی جووڵەپێكردنی هێز بۆ پارێزگای مووسڵ، چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆك بارزانی دەكەن.
شەوی ڕابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر پارێزگای مووسڵ و بەشێك لە گەڕەكەكانی ئەو پارێزگایەیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەو هۆیەشەوە خەڵكێكی زۆر كوژراون و زۆرێكی دانیشتووانیش ماڵەكانیان جێ هێشتووە.
ئومێد پشدەری




