فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی: هێزەكانمان بۆ پاراستنی دانیشتووانی مووسڵ لە ئامادەباشیدان

هەولێر- KDP.info- فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی لەبارەی بارودۆخی شاری مووسڵەوە ڕایدەگەیەنێت: "هەر فەرمانێك بۆ هێزەكانمان بێت لە پێناوی پارێزگاریكردن لە گیانی هاووڵاتیانی مووسڵ، لە ئامادەباشیداین و فەرمانەكە جێبەجێ دەكەین".
بەپێی زانیاریی KDP.info، بەشێكی زۆری ڕۆژئاوای شاری مووسڵ لەلایەن هێزەكانی داعشەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، لە ئێستادا شەڕوپێكدادان لە نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی داعش بەردەوامە و مەترسیی ئەوەیش دەكرێت ئەو شەڕە لە دیوی ڕۆژئاوای ئەو شارەوە بگوازرێتەوە بۆ تەواوی شارەكە.
لەم بارەیەوە فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی عەزیز وەیسی، بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو شوێنانەی سوپای زێرەڤانییان لێیە، هەموویان لە ئامادەباشیدان و هەماهەنگیی باشیش هەیە لەگەڵ ناوچەكەدا و بۆ هەر حاڵتێكیش بروامان بە هێزی خۆمان هەیە".
گوتیشی: "بۆ بەشداربوون یان داخڵبوون بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە هاووڵاتیانی سڤیلی مووسڵ، بڕیارێكی سیاسی پێویستە و هەتا ئێستاش هیچ فەرمان و بریارێك بۆ ئێمە نەهاتووە تا چی بكەین و هەر فەرمانێكیش بێت، لە ئامادەباشیداین و جێبەجێی دەكەین".




