نەوتی كوردستان نەفرۆشرابا، بار نەدەکرا.. پڕوپاگەندە دژی سیاسەتی نەوتی هەرێم شكستی هەندێك لایەنە

هەولێر - KDP.info- سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر پێشتر گرێبەستی فرۆشتنی نەوت نەکرابایە ئەوا نەوتی کوردستان ڕەوانە نەدەکرا. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش باوەری وایە کە "پڕوپاگەندە دژی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، جگە لە شكستی هەندێك لایەن هیچ ئامانجێكی دیكەی نییە."
عەلی بەلۆ بۆ KDP.infoڕوونی کردەوە، "ئەگەر نەوت نەفرۆشرابێ هیچ لایەک ناچار نییە بەر لە گرێبەست و دڵنیابوونەوە لێی نەوت بە ڕێژەیەکی وەها زۆر بار بکات، چونکە شێوازی فرۆشتن لە کۆمپانیاکانی عێراق و جیهانیش هەر وایە، بەر لە بارکردن و هەناردەکردن گرێبەست دەکرێت و دواتر بار دەکرێ، نەوتەکەی هەرێمی کوردستانیش هەمان شێوەیە."
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەسرین ئەنوەر ڕەشید دەربارەی هەمان پرس بۆ KDP.infoگوتی: "ئەو نەوتەی لە كوردستانەوە هەناردە كراوە، پێشتر بەپێی پڕۆتۆكۆڵ و ڕێككەوتن فرۆشراوە، چونكە پێش ئەو ڕێكارە یاساییانە نەوت نانێردرێتە دەرەوە و لە ماوەی داهاتوویشدا ئەو كەشتییەی نەوتی كوردستانی بار كردووە، دەگاتە شوێنی مەبەست."
بەلۆ باوەڕیشی وایە کە ئەو هەواڵانەیشی کە باس لە ڕێگۆڕین، دوورخستنەوە لە بەندەرێکی مەغریب و هێشتا مانەوەی کەشتییەکە لە نێو سنووری دەریایی نێودەوڵەتی، "تەنیا گوشار و مەرامی سیاسیی لە پشتەوەیە و بنەمای ڕاستی نییە."
نەسرین ئەنوەر ڕەشید کە هەمان ڕای بەلۆی هەیە و دەڵێت، نەوتی هەرێمی كوردستان فرۆشراوە و هیچ گرفتێكی نییە، گوتیشی "پڕوپاگەندە دژی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، جگە لە شكستی هەندێك لایەن هیچ ئامانجێكی دیكەی نییە."
بەلۆ هاوکات ئەو هەواڵانەیشی ڕەت کردنەوە کە هەر گوشارێکی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی کاریگەریی بەسەر فرۆشتن و گەیشتنە جێی مەبەستی کەشتییە بارهەڵگرەکەوە هەبێ. زیاتر گوتی، نەوتی هەرێم بەرلە بارکردنی فرۆشراوە و ئەم هەواڵانەیش زۆرتر وەک گوشار و بۆ ژاوەژاوێکی سیاسیین.
نەسرین ڕەشید هاوکات ئەو هەواڵەیشی پشتڕاست کردوە کە ئێستا 2 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان لە توركیا عەمبار كراوە، گوتیشی دوای تەواوبوونی فرۆشتنی ئەو نەوتە عەمبار كراوە، كاروانی دیكەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بە ڕێ دەكەوێت.




