فازڵ نەبی: بە ناردنی 200 هەزار بەرمیل نەوتیش، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت

هەولێر- KDP.info- بریكاری وەزیری دارایی عێراق دەڵێت: "هەرێمی كوردستان بە ناردنەدەرەوەی نەوت بۆشایی نەبوونی بودجە پڕ دەكاتەوە، لە كاتێكدا بە زیادكردنی ناردنی نەوت دەتوانێت پڕۆژەی وەبەرهێنانیش ئەنجام بدات".
بریكاری وەزیری دارایی عێراق فازڵ نەبی، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "وەك ئەوەی باس دەكرێت ئەگەر لە ڕۆژێكدا 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوەی بكرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی دیكەش دابین بكات، خۆ ئەگەر ڕێژەكە 200 هەزار بەرمیل نەوت بێت، ئەوا هەر مووچە دابین دەكرێت و خەرجیی بچووكیشی پێ دەكرێت، بەڵام ئەو نەوتەیش كە دەفرۆشرێت بەشی كۆمپانیاكانی تێدایە و ئەو كۆمپانیایانەی بەشی داهاتی دەرهێنانی نەوتیان هەیە دەبێت لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بیان درێتێ و بەشەكەیش دەگاتە 50%ـی داهاتی نەوت، خۆ ئەگەر بەشەكەیان زیاتر بێت، ئەوا هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەشەزیادەكەیان دوا بخات".
فازڵ نەبی ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە هەر حاڵەتێكدا 200 هەزار بەرمیل نەوت بڕوات، ئەوا بەشمان ناكات، بۆیە دەبێت داوا لە كۆمپانیاكان بكەین پارەكەیان دوا بخەن یان رێژەیەكی زۆرتر لە 200 هەزار بنێرینە دەرەوە.
لە بارەی ئەو 6 ترلیۆن دیناری هەرێمی كوردستانەوە كە ئێستا لەلایەن بەغداوە دەستی بەسەردا گیراوە لە هەر ئەگەرێكدا چۆن دەدرێتەوە بە هەرێمی كوردستان، فازڵ نەبی دەڵێت: "ئەو پارەیە ماڵە بەسەر عێراقەوە، بۆیە هەر كاتێك هەرێم و بەغدا پێك هاتن، ئەوا بڕی نەوتی ناردراو لەگەڵ بەهای پارەی 6 ترلیۆنەكە ڕێك دەخرێت".
گوتیشی :" ئەگەر هەرێمی كوردستان بەردەوامی بە فرۆشتنی نەوت بدات، ئەو كاتە كەموكورتیی بودجە لە كوردستان نامێنێت لە كاتێكدا دەتوانرێت بە هەناردەكردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت، پرۆژەی وەبەرهێنانیش ئەنجام بدرێت".
كارزان هەورامی




