٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەلاسالم شەبەک: کەسانی سیاسیی شەبەک، دەستیان لە تەقینەوەکانی ناوچەکەدا هەیە... بە ئەجێندای دەرەکییە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-تایبەت بەKDP.info- سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی شەبەک ئاشکرای کرد، ئەو تەقینەوانەی لە ناوچە شەبەکنشینەکان روویانداوە ھەندێک کەسی سیاسیی خۆفرۆش لەناو شەبەک لە پشتییەوەن و ئەجێندای ھەندێک وڵاتی دەرەکی جێبەجێ دەکەن و لە چەند رۆژی داھاتوو ناوەکانیان ئاشکرا دەکەین.

سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی شەبەک، مەلاسالم شەبەک، بۆ kdp.info رایگەیاند: "ئەو گوندەی ئەمڕۆ تەقینەوە لێی روویداوە، سوپای عێراق دەیپارێزێ، بەڵام لەو شوێنانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەدان زۆر ئارامن، بۆیە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ئەو شوێنانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی سوپای عێراقدان، ھێزی پێشمەرگەی بۆ رەوانە بکات، بۆئەوەی ھاوشێوەی شوێنەکانی دیکە ئارام بن، چونکە رەوشی ئەمنیی پارێزگای مووسڵ زۆر ئاڵۆزە."

مەلاسالم شەبەک گوتیشی: "ئەو تەقینەوانەی کە ئەنجام دەدرێن لەلایەن گرووپە تیرۆرستییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەناو شەبەکیش کەسانی خۆفرۆش و سیاسیی ھەن و ھەوڵ دەدەین سنوورێک بۆ ئەو کەسانە دابنێین، چونکە ئەوانە تاوانبارن و دەستیان لەو تەقینەوانەدا ھەیە و لە چەند رۆژی داھاتوویشدا ناوەکانیان ئاشکرا دەکەین."

 سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی شەبەک راشیگەیاند: "سێ تەقینەوە لە گوندی مۆفەقییە روویانداوە، ئەو کەسانە بەرپرسیارن و بۆ ھەندێک وڵاتی دەرەکی کار دەکەن."

روونیشیکردەوە، "بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەوجێکی 450کەسی بۆ دەڤەری شەبەکنشینەکان دادەمەزرێت و فەرمانەکەیشی بۆ دەرچووە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایییەوە، وەزارەتی دارایی فەرمانەکەی جێبەجێ نەکردووە و ھەرکاتێک پارەکەی بۆ تەرخان کرا ئەو فەوجە دەستبەکار دەبێت."

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار