یوئێن و ئەنجوومەنی ئاساییش، سەبارەت بە پرسی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوهەڵوێستن

هەولێر- KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت، حكوومەتی عێراق سەرپێچیی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە و هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیش لەبارەی پرسی فرۆشتنی نەوتەوە، هەمان هەڵوێستی یوئێن و ئەنجوومەنی ئاساییشە.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان د. دیندار زێباری، لە لێداونێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoگوتی: "حكوومەتی فیدراڵیی عێراق سەرپێچیی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و یونامیی كردووە كە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عێراق لە بابەتی دەرنەكردنی یاسا و رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق لەوانەیش یاسای نەوت و غاز و داهاتی نیشتمانی."
زێباری گوتیشی: "نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پەیامی خۆی ڕاگەیاندووە و نوێنەری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان نیكۆلای ملادینۆڤیش، جەختی كردووەتەوە كە دەبێت بابەتی هەستیاری وەكو نەوت و غاز و داهاتی نیشتمانی و سیاسەتی گشتیی عێراق، بەپێی دەستوور جێبەجێ بكرێن و بەڕێوە ببرێن كە حكوومەتی هەرێمیش مەبەستی ئەوەیە و داوای جێبەجێكردنی دەستوور دەكات."
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە هەروەها ئاماژەی دا: "یوئێن 6 ساڵ زیاترە جەخت دەكاتەوە كە یاسای نەوت و غاز دەربچێت و لەبارەی داهاتی نیشتمانییشەوە رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر لە عێراقدا، بۆیە هەڵوێستی هەرێم هەمان هەڵوێستی یوئێن و ئەنجوومەنی ئاساییشە كە بڕیارەكانی بخوێنیتەوە و هەمان داواكاریی پەیماننامەی نێودەوڵەتییە لەگەڵ عێراق لە ساڵی 2005 و 2007 لە شەرمشێخ و ستۆكهۆڵم كە داوا لە عێراق كرا سیستمی فیدراڵی جێبەجێ بكات، ئەمانە هەموو داواكاریی زیاد لە 97 دەوڵەت بوو، بۆیە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ سیستمی فیدراڵییە لە عێراق و فیدراڵییەتیش نەوت و غاز و داهاتی نیشتمانی و سیاسەتی دارایی و گەیشتنی بودجەیە بە زووترین كات بۆ هەرێم."
گوتیشی: "كێشەی ئێمە تەنیا نەوت و غاز نییە، ئەوە بڕگەیەكە لە داهاتی نیشتمانی و بڕگەی سەرەكیی داهاتی نیشتمانییش لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوە و هێشتا عێراق خاوەنی یاسایەكی تەواو نییە بۆ داهاتی نیشتمانی."




