٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان زەهاوی: یەك وڵاتیش هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی ڕەت نەكردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە هاوكات چاودێری سیاسییە، دەڵێت، لە بەرانبەر بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی، هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی یاسایی و دەرستووریی ناوە و یەك وڵاتیش نییە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی رەت كردبێتەوە.

ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سیروان زەهاوی، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "ئەمەریكا نەیگوتووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوت نەنێرێتە دەرەوە، بەڵكوو پێشتر خۆی لەسەر خەت بووە و جەند جارێكیش جۆزیف بایدن خۆی تەلەفۆنی بۆ حكوومەتی عێراق و سەرۆكەكەی كردووە كە مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبڕێ و كێشەكان بە لێكتێگەیشتن چارە بكرێن".

زەهاوی گوتیشی: "هەرێمی كوردستانیش یەك قەترە نەوتی نەناردبووە دەرەوە هەتاوەكو حكوومەتی عێراق مووچەی بڕی، كە مووچەیشی بڕی ئێمە لە دانوستاندا بووین و خەریك بوو كێشەكان چارە بكرێن، بەڵام حكوومەتی عێراق بەئەنقەست بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، بۆیە دانوستان مانایەكی بۆ نەما ئەوەش روونە كە عێراق دەستپێشخەر بوو و هەرێمی كوردستانی هان دا كە نەوتی خۆی بفرۆشێ، هەموو دەوڵەتانی دنیایش ئەو راستییە دەزانن، بۆیە دەبینی یەك وڵات نییە لە دنیادا ئەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێمی رەت كردبێتەوە".

ئە ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەیشی خستە ڕوو كە هەرێمی كوردستان نەوت دەفرۆشێ بۆ ئەوەی بەشێك لە مووچە دابین بكات، بۆیە هیچ وڵاتێك لە دنیادا دژی ئەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم نەبووە و تەنیا ئەمەریكا ئەوەی باس كردووە، ئەمەریكایش هەر دەبووایە وای گوتبایە، بەڵام دواجار دژ نەبووە و لەگەڵ ئەوەدا بووە كێشەكان بە دانوستان چارە بكرێن، گوشاریشی خستە سەر هەردوو لا، بەڵام حكوومەتی عێراق بودجەی بڕی و هەرێمی كوردستانیش سەر ئەنجام ئەو هەنگاوەی نا.

گوتیشی: "ئەمەریكا باسی ئەوەی كردووە كە هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ حكوومەتی عێراقیدا بنێرێتە دەرەوە، ئەمەیش مانای ئەوە نییە كە بابەتەكەی رەت كردووەتەوە، بەڵكوو واتای ئەوەیە كە دەرگایەك بمێنێتەوە بۆ دانوستان".

زەهاوی هەروەها دەڵێت: "تەنانەت دەستوور و یاسایش رێی لێ نەگرتووین و توركیایش كە دەوڵەتێكی دراوسێی گەورەیە، بۆ خۆی قەناعەتی بەوە هەیە كە ئەم كارانە دەستووری و یاسایین و ئەوەی عێراقیش بەرامبەر هەرێمی كوردستان كردوویەتی، بە پێچەوانەی دەستوورە كە مووچەی خەڵكی بڕی".

 

هەواڵی پەیوەندیدار