٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی زەرد ڕەتی دەکاتەوە لە کۆبوونەوەکەی حکوومەت و پەرلەماندا دراو وەک پرسێکی سەرەکی باسی لێوە کرابێ

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info--  سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە، کە لە بەشی دووەمی كۆبوونەوەكەی نێوان حكوومەت و پەرلەماندا بابەتی دراوی تایبەت بە هەرێمی كوردستان خرابێتە بەر باس و، جەخت دەکاتەوە کە ئەم پرسە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە.

سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، بۆkdp.info گوتی: "كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان حكوومەت و پەرلەمان دوو بەش بوو، بەشێكیان بریتی بوو لەوەی كە لە رێگای كەناڵەكانی میدیاوە راستەوخۆ پەخش كرا، بەڵام بەشی دووەمیان تایبەت نەبوو بە پەخشكردن كە ئەوە لەسەر بریاری دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بوو، تا بەشی دووەمی كۆبوونەوەكە بۆ میدیا پەخش نەكرێت."

خۆشناو زیاتر گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا تەئكید لەسەر هەموو ئەو بابەتانە كرا كە بۆ میدیا نین و تەنیا بۆ نوێنەرانی خەڵكی كوردستانە، دیارە کە هەندێک پرس هەن پیوەندییان بە ئاساییشی وڵاتەوە هەیە و بەرپرسارەتییە، بەڵام بەداخەوە كەسانێك سەرپێچیی یاسایی دەكەن و درك بەو بەرپرسیارەتییە ناكەن كە هەندێك بابەت و پرس ئەگەر لە كۆبوونەوەكە وەكو بڕیار و باسێكی گرینگیش لە پەراوێزی كۆبوونەوەكە قسەی لەبارەوە كرابێت بە فرسەتی دەزانن كە ئەوە لە مێدیاكانەوە بوروژێنن و، پێیان وایە كارێكی گەورەیان كردووە"، زیاتر گوتی "ئەوە ئەوپەڕی بێ‌یاساییكردن و نەپاراستنی ئەمانەتە دەرهەق بە بڕیاری دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، چونکە تەئكید لەوە كرایەوە كە ئەندامی پەرلەمان دەبێت باوەرپێكراو و جێی متمانەی خەڵك بن."

سەرۆکی لیستی زەرد لە پەرلەمان ڕوونی کردەوە: "باسكردن لە مەسەلەی دراوی تایبەت بە هەرێمی كوردستان، وەك بریار و شتێكی كۆتایی لە چوارچێوەی ئەوە باسانە نەبووە، بەڵام  ئەوە خواست و خەونی هەموو لایەكمانە لە ئایندەدا هەم وەك وڵات هەم وەك كیانێك، مەسەلەی نەوت و دراویش هەموو ئەوانە لە زاكیرەی هەموو مرۆڤێكی كورددا ئامادەیی هەیە، بەڵام بریاری لێ درابێت و بە وردی خرابێتە بەر باس و تەوەری سەرەكیی کۆبوونەوە بووبێت، نەخێر بە پێچەوانەوە هیچ بنەمایەکی ڕاست و دروستی نییە."

جێی باسە، هەندێکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەسەر زاری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ کە پشکی کۆمەڵی ئیسلامییە، گوازتراوەتەوە کە گوایە لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێم و شاندی یاوەری و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک لیژنەکاندا، دەرکردنی دراوێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، بابەتێکی گفتوگۆکان بووبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار