٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رەواندزی: بە فەرمی باسی سێبارە كاندیدكردنەوەی مالیكی نەکراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info-  ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە شێوەیەكی فەرمی باسی سێبارە كاندیدكرنەوەی نووری مالیكی نەكراوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، بەڵام ئێمە وەكو شاند بۆچوونێكمان هەیە و لە كۆبوونەوەی داهاتوودا وەكو پێشنیاز پێشكەشی سەركردایەتیی كوردی دەكەین.

ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان فریاد رەواندزی، لە دوای كۆبوونەوەی شاندەكەیان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا زۆر نەچووینە ناو وردەكارییەكان، لەبەر ئەوەی یەكەم كۆبوونەوە بوو، تەنیا ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا بوو و هەندێك باسی بەغدایش كرا.

فریاد رەواندزی ڕوونیشی كردەوە: هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا هەر لایەنێك پڕۆژەیەك بخاتە سەر كاغەزێك و پێشكەشی بكات و دواتر بكرێتە یەك پڕۆژە و پێشكەشی سەركردایەتیی كوردی بكەین بۆ بڕیاردان لەسەری، ئەمەیش دەبێتە كارنامەی دانوستانی ئێمە لەگەڵ بەغدادا.

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان، ئەوەیشی خستە ڕوو كە تا ئێستا هیچ  وادەیەك بۆ چوونی شاندەكەمان بۆ بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆكردن دیاری نەكراوە، چونكە لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوودا لیژنەكەمان جارێكی دیكە كۆ دەبێتەوە.

گوتیشی: تاوەكو ئێستا بە فەرمی باسی كاندیدكرنەوەی نووری مالیكی نەكراوە، بەڵام ئێمە وەكو شاند بۆچوونێكمان لەو بارەیەوە هەیە و تا ئێستا باسمان نەكردووە و لە كۆبوونەوەی داهاتوودا ئەگەر لەسەر ی گەیشتینە رێككەوتن، پێشكەشی سەركردایەتیی كوردی دەكەین بۆ ئەوی بڕیاری لەسەر بدەن.

فریاد رواندزی ئەوەیشی ئاشكرا كرد: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لە هیچ پۆستێك نەكراوە، چونكە تاوەكو ئێستا گفتوگۆ دەستی پێ نەكردووە و جگە لەوە باس لە مووچەیش نەكرا، لەبەر ئەوەی ئەمە پرسێكی ئیدارییە و پەیوەستە بە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغداوە، بەڵام ئەگەر لە بەغدا باسی لێوە كرا هەڵوێستی كورد لەسەر ئەوبابەتە دیارە.

ڕەواندزی هاوكات ئاماژەی دا: بەغدا پایتەختە و ئاساییە كورد بچێتە ئەوێ و عەیب نییە، چونكە ئێمە بۆ جێگیركردنی داواكاریی كورد بە شێوەیەكی نوێ لە حكوومەتدا دەچینە ئەو شارە.

بڵند ئیبراهیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار