كارنامەی دانوستانی كورد لەگەڵ بەغدا یەكهەڵوێستییە.. لایەنەكان بە نووسراو هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتەوە رادەگەیەنن

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دانوستاندا، بڕیار درا ھەر لایەنێک ھەڵوێستی فەرمیی خۆی بە نووسراوێک ئاراستەی لیژنەکە بکەن و ئەوانیش ھەموو ھەڵوێستەکان کۆ بکەنەوە و ببێتە یەک ھەڵوێستی کوردی و دواتر لە کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکی ھەرێم و لایەنەکان ئەو یەکھەڵوێستییە ئیمزا بکرێت، ئەوکات ئەمە دەبێتە کارنامەی دانوستانی کورد لەگەڵ بەغدا.
پاش ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە 17/5/2014 لەنێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بەڕێوە چوو، بڕیار درا بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لە سێی ئەم مانگەیشەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری پێکھێنانی ئەو لیژنەی دەرکرد. سەعات12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆیش ئەو لیژنە پێکهاتووە، لە دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و کارنامەی کۆبوونەوەکەش لە چەند خاڵێک پێکھاتبوو، لەوانە خوێندنەوەی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ئەو وڵاتانەی کە کاریگەری لەسەر عێراق ھەیە و رێز لە بۆچوونەکانیان دەگیرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ.
ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان، عادل نووری، دەربارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان بە kdp.info راگەیاند: "ھەرلە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ئەو لایەنانەی نوێنەریان لەوشاندەدا ھەیە، ھەڵوێستی فەرمی و پڕۆژەی خۆیان بە کارنامەیەک بە شێوەی نووسراو لە ھەفتەی داھاتوودا ئامادە بکات و ئاراستەی ئەوانی بکات و رۆژی پێنجشەممەی داھاتوویش جارێکی دیکە شاندەکەمان کۆ دەبێتەوە و ھەڵوێستی ھەموو لایەنەکان کۆ دەکەینەوە و دەیکەینە یەک ھەڵوێست و دواتر ئەو یەکھەڵوێستییە بەرز دەکەینەوە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان."
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکار روونیشی کردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا ئەو ھەڵوێستە ھەموو لایەنەکان ئیمزای لەسەر بکەن و ببێتە نەخشەرێگا و ھەڵوێستی فەرمیی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئەمە لە بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەین."
نووری زیاتر گوتی: "مەبەست لەم کارەش بۆ ئەوەیە ھیچ لایەنێک باس لەوە نەکات کورد یەک ھەڵوێست نییە، چونکە زۆر جار لە راگەیاندن باسی ئەوە دەکرێت کورد یەکھەڵوێست نین، لە ژێرەوە قسەی دیکەیان ھەیە، ئەمەش رەنگە کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر جەماوەری کورد ھەبێت، بەڵام کە ببێتە یەک ھەڵوێست ئەو کات ھیچ لایەنێک ناتوانێ ھیچ قسەیەک بکات، چونکە ھەڵوێستی ھەموو لایەنەکانە."
ھاوکات راشیگەیاند: "ھەرلایەنێک لە کارنامەکەی باس لە شێوازی پێکھاتەی حکوومەتی داھاتوو دەکات و ھێڵی سووری ھەیە یاخود نیەتی، ئەمانە ھەمووی لە کارنامەکە باسی لێوە دەکرێت، بەڵام ھەموو لایەنەکان یەکدەنگن کە ھیچ لایەنێک لە یەکھەڵوێستیی بەرژوەندییەکانی کورد دەرنەچێت و دەریش ناچێت."
لیژنەی دانووستکار پێکھاتووە: لە دکتۆر رۆژ نووری شاوێس لە پارتی دیموکراتی کوردستان، فریاد رواندزی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال جەوھەر لە بزووتنەوەی گۆڕان و کاوە مەحموود لە ھاوپەیمانیی نیشتمانی، یاسین حەسەن لە کۆمەڵی ئیسلامی و عادل نووری لە یەکگرتووی ئیسلامی.
بڵند ئیبراھیم




