کۆمەڵی ئیسلامی: قەناعەتمان بەڕوونکردنەوەی سەرۆکوەزیران هات

ھەولێر-تایبەت بە kdp.info- سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی قەناعەتی تەواومان بە ڕوونکردنەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھات لەبارەی پرۆسەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و زۆریش شەفاف بوو."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەلی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، مەروان گەڵالی، بە kdp.info-ی راگەیاند: "کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان، بە رای ئێمە کۆبوونەوەیەکی ستاندارد بوو لە ڕووی بابەتی و شەفافیەت و زانیارییەوە، بۆیە ئەمە سەرەتای کارە گرینگەکانی کابینەی نوێیە، ھەروەھا ئەکتیڤبوونی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانە."
گەڵالەیی روونی کردەوە، "ئەوەی پێشتر گلەیی لەسەر ھەبوو، دوێنێ بە داتا و زانیاریی تەواوەوە بۆ ئێمە خرایە ڕوو، بۆیە ھیوادارین ئەو شەفافیەتە بەردەوام بێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "ئەو زانیاریانەی لە کۆبوونەوەی دوێنێ پێشکەشی ئێمە کرا، جێی ئەوەن کە متمانەی پێ بکەی و قەناعەتت پێ بھێت، چونکە زۆر بە ڕوونی باسیان لێوە کرد، بۆیە لەوە شەفافتر نابێت."
ھاوکات ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی قەناعەتمان بەو ڕوونکردنەوەیە ھات، بۆیە پێویستە لەمەودوا پرسی نەوت بەم جۆرە شەفاف بێت."
بڵند ئیبراھیم




