نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ هه‌موومان له‌سه‌ر پرسى نه‌وت بگه‌ینه لێكگه‌یشتنێكى هاوبه‌ش

هەولێر- KDP.info- نێچیرڤان بارزانى دووپاتی كرده‌وه "مه‌سه‌له‌ی وزه بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر گرینگه و په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی ته‌نیا حزبێك و كه‌سێكه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه به شێوه‌یه‌كی گشتی و پرسه‌كه زۆر هه‌ستیاره و زۆریش گرینگه په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كوو ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م وڵاته به ته‌واوی ئاگاداری ورده‌كاریی ئه‌م پرسه بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان داندراون."
هاوکات ئاماژه‌ی دا کە گه‌لی كوردستان له‌م بواره‌دا ده‌یه‌وێ مافی ده‌ستووریی خۆی جێبه‌جێ بكات و نه‌شیشارده‌وه میلله‌تێك كه داوای مافی ده‌ستووریی خۆی ده‌كات وا به ئاسانی به ده‌ستی ناكه‌وێت و كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن ئه‌و مافه ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكرێت.
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 4ی حوزه‌یرانی 2014، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانی به یاوه‌ریی وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان، د. ئاشتی هه‌ورامی و وه‌زیری پلاندانان، د.عه‌لی سندی و ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكارانی حكوومه‌ت، به‌شدارى له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی نه‌وت و غازی په‌رله‌مان كرد كه بۆ ڕوونكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی پرسی وزه و هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمى كوردستان بۆ ده‌ره‌وه، به سه‌رۆكایه‌تیى د. یووسف محه‌ممه‌دی سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه چوو و زیاتر له شه‌ش سەعاتی خایاند.
له ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای به‌خێرهێنانی سه‌رۆكوه‌زیران ئاماده‌بووان، تیشكی خسته سه‌ر لایه‌نی مێژوویی وزه كه هه‌میشه پرسێكی چاره‌نووسساز بووه بۆ هاووڵاتیان له هه‌رێم و ئاماژه‌ى به‌وه دا یه‌كه‌مین بیری نه‌وت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له هه‌رێمی كوردستان دۆزرایه‌وه له ناوچه‌ی چیا سورخ له ساڵی 1902 و ئه‌مه‌ش وای كرد به‌ریتانیا هه‌رێمی كوردستان كه ویلایه‌تی مووسڵ‌یان پێ ده‌گوت خسته پاڵ عیراق بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و نه‌وته و نه‌یشارده‌وه پرسی نه‌وت و پرسی كه‌ركووكیش یه‌كێك بوون له هۆكاره‌كانی شكستی دانوستاندنى شۆڕشى كوردستان و حكوومه‌تى عیراق له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان دووپاتی كرده‌وه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه گه‌یشتۆته ڕاده‌یه‌كی هه‌ستیار و تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌ره‌ڕای له‌مپه‌ره یاساییه‌كان، هاوكاریی په‌رله‌مانی كرد و دووه‌مین جاره سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و پرسه له په‌رله‌مان تاوتوێ ده‌كات.
پاشان نێچیرڤان بارزانى سوپاسی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته و دووپاتی كرده‌وه "مه‌سه‌له‌ی وزه بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگه و په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی ته‌نیا حزبێك و كه‌سێكه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه به شێوه‌یه‌كی گشتی و پرسه‌كه زۆر هه‌ستیاره و زۆریش گرینگه په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كوو ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م وڵاته به ته‌واوی ئاگاداری ورده‌كاریی ئه‌م پرسه بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان داندراون."
هاوکات ئاماژه‌ی دا کە گه‌لی كوردستان له‌م بواره‌دا ده‌یه‌وێ مافی ده‌ستووریی خۆی جێبه‌جێ بكات و نه‌شیشارده‌وه میلله‌تێك كه داوای مافی ده‌ستووریی خۆی ده‌كات وا به ئاسانی به ده‌ستی ناكه‌وێت و كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن ئه‌و مافه ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌وه قسه ناكات هه‌رێمی كوردستان كارێكی باشی به ناردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه كردووه یان نا؟، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێ كۆنترۆڵی مه‌سه‌له‌كه هه‌موو له ده‌ستی خۆیدا بێت و ئه‌وان كۆنترۆڵی مه‌سه‌له‌كه بكه‌ن و ئه‌وه‌شی ره‌ت كرده‌وه كه له رێگه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه هه‌رێم بیه‌وێ سه‌ربه‌خۆییی سیاسی مسۆگه‌ر بكات.
سه‌رۆكوه‌زیران نیشانی دا گه‌لی كوردستان ده‌یه‌وێ له‌وه دڵنیا بێت كه ئه‌وه‌ی مافی هه‌رێمی كوردستانه و به‌شی هه‌رێمه له بودجه‌ی گشتیی عیراق كه 17% به ته‌واوی وه‌ربگرێت و ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت ڕێكبكه‌وێت كه گه‌وره‌ترین و گرنگترین یاسایه بۆ عیراق، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه هه‌ن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ساده‌یی باسی لێوه بكرێت، هه‌موو ساڵێك حكوومه‌تی عیراق به‌بێ ئاگاداریی كورد، بودجه‌ی سیادی زیاد ده‌كات و له بودجه‌ی كوردستان كه‌می ده‌كات.
هاوكات ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه ئێستا ئه‌وه‌ی هه‌رێم له‌به‌غدا وه‌ری ده‌گرێت 10%یه نه‌ك 17% و بارێكی زۆر قورسیش له‌سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه دوای تێكچوونی گونده‌كان له هه‌رێمی كوردستان و دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم له ساڵی 1991ـه‌وه هاته ئاراوه و سیاسه‌تی پێدانی مووچه به هه‌موو كه‌سێك له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و كرا و ئه‌مه‌شی به سیاسه‌تێكی زۆر هه‌ڵه لێكدایه‌وه و نیشانی دا حزبه‌كان زۆر جار بۆ مه‌رامی سیاسیی خۆیان ئه‌م كارته‌یان به‌كارهێناوه و خه‌ڵكی كوردستان باجی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان ده‌دایه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی ڕوونی كرده‌وه بۆ گه‌یشتن به ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی؛ هه‌رێمی كوردستان پێویستی به زیاتر له 31 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه وه‌ك رێگه‌وبان و پرد و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و ئه‌و شتانه‌ی وه‌ك پێویستبی سه‌ره‌كی هه‌ژمار ده‌كرێن.
هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا د. ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێم و د.ئامانج ڕه‌حیم ڕاوێژكاری یاسایی‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ندین ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستیان له‌مباره‌یه‌وه پێشكه‌ش كرد و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م دۆسیه‌یان بۆ په‌رله‌مانتاران شیی كرده‌وه.
دواتر له وه‌ڵامى چه‌ند تێبینی و پرسیارێكی په‌رله‌مانتاراندا سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتی كرده‌وه "مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه گه‌یشتن بوو به تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و وه‌كو حكوومه‌ت له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت لێره نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ری كردوه، وه‌زیری دارایی لێره نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه و دڵنیاشتان ده‌كه‌مه‌وه ئێمه وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌فتار ده‌كه‌ین و به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه كێشه نییه و كه كاك عیماد گه‌ڕایه‌وه ده‌كرێ ئه‌ویش به‌شداری كۆبوونه‌وه بێت، و ئه‌و پرسیارانه‌ش كه هه‌تانه د.ئاشتی له چوارچێوه‌ی یاساكانی ئه‌نجومه‌نی نه‌وت وه‌ڵامیان ده‌درێنه‌وه."
له وه‌ڵامی پرسیاری ئاماده‌بووانیشدا له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكاوه، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمه پێمان وایه ئه‌مه‌ریكا هه‌ر ده‌توانێ ئه‌وه‌نده بڵێت، سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌مه‌ریكا پشتگیری ئێمه و به‌غدایه بۆ گه‌یشتن به تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و ئه‌مه‌ی نه‌شاردووەته‌وه و له هه‌موو بۆنه‌كاندا باس له‌وه ده‌كات. ئه‌وه‌ی ئێمه له ئه‌مه‌ریكا هیوامان بۆی ده‌خواست ئه‌وه بوو، كه باسی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كرا، ده‌بوایه باسی ئه‌وه‌ش بكرێت كه له به‌غدا یه‌كلایه‌نه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانى بڕێوه، ئێمه ئه‌و كاره‌مان سه‌ربه‌خۆ نه‌كردوه و له ئه‌نجامی ڕه‌فتاره‌كه‌ی به‌غدا ئێمه ناچار بووین كه ده‌بێ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بدۆزینه‌وه."
له‌باره‌ى ڕێككه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان و توركیایشه‌وه له‌سه‌ر پرسى وزه و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، گوتى: با مه‌سه‌له‌كه نه‌خه‌ینه نێو قاڵبی سیاسی، ئێمه ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ بوو كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ توركیا كرد و له چوارچێوه‌ی ئه‌م كۆبوونه‌وانه پرۆتۆكۆڵێكمان له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزا كرد بۆ هاوكاریكردن و ئیشكردنی درێژخایه‌ن له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی وزه. ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی ئێمه بۆ 50 ساڵه و قابیلی درێژكردنه‌وه‌یه. ئێمه ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزا كرد و ئه‌م كاره‌ش دوای دانیشتنی زۆر و دوور و درێژ هات. ئێمه هیچ كاتێك به شێوه‌یه‌كی سیاسیانه سه‌یری ئه‌م بابه‌ته ناكه‌ین به‌وه‌ی كه ده‌مانه‌وێ عیراق دابه‌ش بكه‌ین، نه‌خێر ئه‌مانه هیچیان ڕاست نین."
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه "هه‌رێمى كوردستان به‌دوای مافی خۆیه‌وه‌یه كه ده‌بێ به‌پێی ده‌ستووری به خه‌ڵكی كوردستان بدرێت و كاتێك باسی 17% ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه به ته‌واوی بدرێته هه‌رێمی كوردستان"، ڕوونى كرده‌وه كه "حكوومه‌تى عیراق خه‌رجیی سیادی ساڵانه زیاد ده‌كات كه هه‌رێمى كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌وه‌دا به‌شدار نییه و به‌م هۆیه‌شه‌وه ساڵانه به‌شی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عیراق كه‌م ده‌بێته‌وه."
نێچیرڤان بارزانی تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه قازانجی كۆمپانیاكانى نه‌وت له هه‌رێمى كوردستان 7%ه و كێشه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ر نییه، بۆ شێوه‌ی كۆنتراكته‌كانیش هه‌موو لایه‌نێك له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتوون كه له سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و عیراقدایه به گشتی و په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌دواداچوون بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌وت به چی خه‌رج كراوه و چۆن هاتووه و چۆن بۆ ژێرخانی ئه‌م هه‌رێمه ته‌رخان كراوه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێ لیژنه‌یه‌ك له په‌رله‌مان دابنرێت ئاماده‌یی حكوومه‌تیشی بۆ گه‌یشتن به تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌مباره‌یه‌وه نیشان دا.
له به‌شى دووه‌مى دانیشته‌كه‌دا ژماره‌یه‌كى زۆرى پرسیار و تێبینى له لایه‌ن به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه‌وه ئاراسته‌ى سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیرى سامانه سرووشتییه‌كان كران و ئه‌وانیش به زانیارى و داتاى ورده‌وه وه‌ڵامیان دانه‌وه.
ئه‌مه‌ش ده‌قى وته‌ى نێچیرڤان بارزانییه:
به ناوی خۆم و هه‌ڤاڵانم زۆر خۆشحاڵ بووین به‌وه‌ی كه ئه‌م ده‌رفه‌ته هه‌بوو بۆ قسه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته گرنگه‌ی كه جه‌نابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی پێ دا كه ئه‌ویش بابه‌تی وزه‌یه.
له ڕاستیدا نامه‌وێ قسه‌كانی جه‌نابیان دووباره بكه‌مه‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ر زۆر له‌و قسانه‌ی كه جه‌نابیان كردی هاوڕاین. مه‌سه‌له‌ی وزه بۆ ئێمه زۆر گرنگه و په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی حزبێكه‌وه نیه، په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی كه‌سێكه‌وه نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه به شێوه‌یه‌كی گشتی و به ڕاستی مه‌سه‌له‌كه زۆر هه‌ستیاره و زۆریش گرنگه په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م وڵاته به ته‌واوی ئاگاداری ورده‌كاریی ئه‌م پرسه بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان داندراون. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌رله‌مانی كوردستان پێویسته ئاگاداری هه‌موو ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م بابه‌ته بێت.
بێگومان من قسه‌ی خۆمم له دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و هه‌وڵم دا زیاتر باس له‌و قۆناغانه بكرێت كه ئێمه ئه‌و پرۆسه‌یه‌مان پێی ده‌ست پێكردووه، به‌ڵام به دڵنیاییشه‌وه میلله‌تێك كه داوای مافی ده‌ستووریی خۆی ده‌كات؛ وا به ئاسانی به ده‌ستی ناكه‌وێت و كێشه‌شی بۆ دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن ئه‌و مافه ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكرێت. ئێمه له هه‌رێمی كوردستان له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه هه‌وڵمان داوه مافه ده‌ستوورییه‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌و مافه ده‌ستوورییه‌ی له هه‌رێمی كوردستان به ئێمه دراوه.
گرفتی گه‌وره له‌وه‌دایه كۆنترۆڵ به‌ده‌ستی كێیه؟ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌وه قسه ناكات كه ئێمه باشمان كردووه یان نا، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێ كۆنترۆڵی مه‌سه‌له‌كه هه‌مووى له ده‌ستی خۆی بێت و ئه‌وان كۆنترۆڵی مه‌سه‌له‌كه بكه‌ن و ئێمه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك وا سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ناكه‌ین به‌وه‌ی كه ئه‌مه ڕێگایه‌كه بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، ئه‌مه مافێكی ده‌ستووریی ئێمه‌یه و ده‌بێ ئه‌و مافه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه به‌پێى ئه‌و بۆ عیراق گه‌ڕاینه‌وه له ساڵی 2003 و 2004 له چوارچێوه‌ی عیراقدا جێبه‌جێ بكرێت.
ده‌مانه‌وێ له‌وه دڵنیا بین كه ئه‌وه‌ی مافی هه‌رێمی كوردستانه و به‌شی هه‌رێمه له بودجه‌ی گشتیی عیراق كه 17% به ته‌واوی وه‌ربگرینه‌وه. وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی پێ دا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕه‌هه‌ندێكی ده‌ستووری هه‌یه و ئه‌م ڕه‌هه‌نده ده‌ستوورییه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت جێبه‌جێی بكات به پێی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌و په‌رله‌مانه‌دا هه‌ن و ئێمه‌ش سوورین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م بابه‌ته.
ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت ڕێك بكه‌وێت كه گه‌وره‌ترین و گرنگترین یاسایه بۆ عیراق، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دێته پێش چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ساده‌یی باسی لێوه بكه‌ین، هه‌موو ساڵێك حكوومه‌تی عیراق به‌بێ ئاگاداربوونی كورد، بودجه‌ی سیادی زیاد ده‌كات و له بودجه‌ی كوردستان كه‌می ده‌كات.
ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه له به‌غدا وه‌ریده‌گرین 10%یه نه‌ك 17% بۆ زانیاریتان، بارێكی زۆر قورسیش له‌سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. ئێمه دوای تێكچوونی گونده‌كان له هه‌رێمی كوردستان و دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم له ساڵی 1991ـه‌وه سیاسه‌تی پێدانی مووچه به هه‌موو كه‌سێك له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و كرا و ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكی زۆر هه‌ڵه‌یه و حزبه‌كانیش زۆر جار بۆ مه‌رامی سیاسیی خۆیان ئه‌م كارته‌یان به كار هێناوه و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان باجی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان ده‌دایه‌وه، چونكه دوو شت داوا له حكوومه‌ت ده‌كرێت، یه‌كه‌میان داوای خزمه‌تگوزاری لێ ده‌كرێت و دووه‌میش دامه‌زراندن، به‌رده‌وام ئه‌م دوو داوایه له حكوومه‌ت ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ئاساییه هاووڵاتیانی كوردستان ئه‌و داوایه له حكوومه‌تی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام باری حكوومه‌ت له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زۆر قورسه.
له كاتێكدا له به‌غدا خه‌رجی سیادی به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو زیاد ده‌كات و باری حكوومه‌تی هه‌رێمیش زۆر قورسه و پێشبینیه‌كانی خه‌ڵك له حكوومه‌ت له‌باره‌ی خزمه‌تگوزاریه‌وه زۆره و مافی خۆیانه و شایسته‌ی هه‌موو خزمه‌تكردنێكن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مووچه‌خۆرێكی یه‌كجار زۆر ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و بۆ زانیاریتان مانگانه 850 ملیار دینار ته‌نها بۆ مووچه له‌م وڵاته‌دا خه‌رج ده‌كه‌ین، ئه‌مه ژماره‌یه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ر زۆره له هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێ چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزینه‌وه و نابێ وا بێت.
له هه‌مان كاتدا بۆ گه‌یشتن به ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی "ناڵێم وه‌ك وڵاتانی ئه‌ورووپا"، ئیمه پێویستیمان به زیاتر له 31 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه وه‌ك ڕێگه‌وبان و پرد و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و ئه‌و شتانه‌ی وه‌ك پێویستیی سه‌ره‌كی هه‌ژمار ده‌كرێن.
ئێمه سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه ده‌ستوورییه‌مان جێبه‌جێ بكه‌ین و له‌وه دڵنیا بین ئه‌وه‌ی ئێمه له به‌غدا وه‌ریده‌گرین 17%ی بودجه‌ی عیراقه به ته‌واوی و ئێمه سه‌یری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ناكه‌ین به‌وه‌ی كه سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌م ڕێگه‌یه‌وه بهێنینه دی، ئه‌مه مافێكی ده‌ستووریی ئێمه‌یه و ده‌بێ ئه‌م مافه ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكه‌ین.
له دانیشتنی پێشوو ڕوونكردنه‌وه‌ی باشمان له‌مباره‌یه‌وه پێشكه‌ش كرد و ئه‌مڕۆ كه ئێمه هاتووینه‌ته ئێره، بێگومان ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ئه‌ندامانی ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م كوردستانه، پرسیاریان لا دروست بووه و ده‌یانه‌وێ له‌مباره‌یه‌وه وه‌ڵامیان ده‌ستبكه‌وێت و له‌وه دڵنیا بن ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌وتی ئێمه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا و پلانی ئێمه بۆ ئاینده چیه و ئه‌و داهاته‌ی ئێمه وه‌رمانگرتووه چۆن خه‌رج كراوه؟
ئه‌م پرسانه هه‌موو ده‌مانه‌وێ زۆر شه‌فافانه له په‌رله‌مانی كوردستان باسی لێوه بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له مه‌سه‌له‌ی وزه له‌م وڵاته و به ڕاستی وه‌ك د. یووسف سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی كرد؛ ده‌مانه‌وێ ببێته پرسێكی نیشتیمانی و كۆتایی به‌م پرسیاره بهێنین كه ئایا ئه‌م پرسه شه‌فافه یان نا؟ ئاماده‌ین و به شانازیشه‌وه له به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م وڵاته؛ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه و هه‌موو ڕۆژێك بێین پرسیارمان لێ بكه‌ن، لێپێچینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و ده‌مانه‌وێ كۆتایی به‌م مه‌سه‌له‌یه بهێنین و به ڕاستی هه‌موومان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا یه‌كگرتوو بین و بڕوای ته‌واومان به خۆمان هه‌یه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌وه‌ی كردوومانه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراق كردوومانه و ئێمه له‌وه‌دا دڵنیاین، به‌ڵام كاره‌كه‌ش زۆر ئاسان نیه؛ به‌ڵكوو زۆر سه‌ختیشه.
ده‌زانین ئاسان نیه به‌غدا ئه‌مه قبووڵ بكات و ئێمه له‌وه تێ ده‌گه‌ین، مه‌رجی سه‌ره‌كیش بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه؛ یه‌كگرتوویی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانه. هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ندین پرسیاریان له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه كه ئێمه زۆر به ئاسایی ده‌بینین و پێشمان وایه مافی خۆیانه، به‌ڵام دوای ئه‌وه ئێمه ده‌بێ و هیوادارم بگه‌ینه تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و ئه‌م پرسه كه پرسێكی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان بیكه‌ین به وانه‌یه‌كی نیشتیمانی.
له خزمه‌تی ئێوه‌ی به‌ڕێزداین، له خزمه‌تی په‌رله‌مانداین، له خزمه‌ت نوێنه‌رانی كوردستانداین له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌زگایه شه‌رعییه؛ ئێمه ئه‌گه‌ر پێویست ده‌كات كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بكه‌ین دێینه په‌رله‌مان تا ده‌گه‌ین به‌و تێگه‌یشتنه هاوبه‌شه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان و به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵكی كوردستان ده‌یه‌وێ پێی بگات. ئێمه له‌م ڕووه‌وه، د. ئامانج له ڕووی ڕه‌هه‌ندی یاساییه‌وه باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌كات و د. ئاشتی باسی ئه‌وه ده‌كات له قۆناغی ئاینده‌دا پلان و به‌رنامه‌مان چیه و ئێمه چی ده‌كه‌ین، دواتریش ئاماده‌ین بۆ هه‌ر پرسیارێك كه له لایه‌ن ئاماده‌بووانی به‌ڕێزه‌وه بكرێن.
زۆر سوپاس.




