٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی: نەوت هەرزانفرۆش نەكراوە... حکوومەت لە ڕێی بانکە جیهانییەکانەوە مووچە دابین دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەفین دزەیی دەڵێت بەغدا ئێمەی ناچاكرد نەوت بفرۆشین و جەختیشدەكاتەوە كە نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە.گوتیشی، حکوومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، لە ئێستادا لەگەڵ بانکە جیهانییەکان لە دانوستاندایە تا بەثێی پێوەری نێودەوڵەتی قەرزیان لێ بکات.

سكرتێری پەرلەمانی کوردستان، فەخرەدین قادر و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان ساز كرد كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری سامانە سرووشتییەكان، ئاشتی هەورامی و وەزیری پڵاندانان و جێگری وەزیری دارایی ئامادەیی بوون.
لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا فەخرەدین قادر رایگەیاند، كۆبوونەوەكە زیاتر لە 5 سەعاتی خایاند و گفتوگۆی جیددی لەسەر بابەتەكان كرا.
فەخرەدین قادر گوتیشی، شاندی حكوومەت وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە و وەزیری سامانە سرووشتییەكانیش روونكردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانتاران داوە، زیاتر گوتی "داتای دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ساڵی 2013 بە دۆكیۆمێنت خرایە ڕوو".
هاوکات سەفین دزەیی لە وەڵامی بەرپرسانی بەغدایش كە دەڵێن نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش كراوە رایگەیاند، "بەغدا ئێمەی ناچار كرد نەوت بفرۆشین" و جەختیشی كردەوە كە "نەوتی كوردستان هەرزانفرۆش نەكراوە."

دەربارەی کەشتییە بارهەڵگرەکەیش کە گوایە بە هۆی هەڕەشەکانی بەغداوە ڕێڕەوی خۆی گۆڕیبێت، دزەیی دەڵێت، نەوت بەپێی نرخی جیهانی فرۆشراوە و ئەو کۆمپانیایەیش کە نەوتەکەی کڕیوە و لەگەڵ کۆمپانیا بارهەڵگرەکە خۆیان لەوە بەرپرسن بە چ ئاراستەیەکیدا دەبەن، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم کە کەشتییەکە گەیشتووەتە شوێنی مەبەست."

دزەیی ئاماژە بە هەبوونی یان نەبوونی شەفافییەت لە کارەکانی حکوومەتدا گوتی کە ئەمە خواستی حکوومەتە تا پێوەندییەکی تۆکمە و دروست لە نێوان حکوومەت و پەرلەماندا هەبێ و ڕایشیگەیاند کە لەسەروبەندی پێكهێنای كابینەی نوێدان و "لە ماوەیەكی نزیكدا کابینەی هەشتەمی حكوومەت پێك دێ"، بەمەیش پێویست دەکات چاودێریکردن لەسەر کارەکانی حکوومەت ڕێچکەی ئاسایی خۆی بگرێ و "حکوومەتیش پێویستی بەوەیە کە پێوەندیی نێوان هەردوو لا قووڵتر ببێتەوە."

پێوەست بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، دزەیی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە، "لە ئێستادا حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بانکە جیهانییەکان لە دانوستاندایە تا لە ڕێگەیانەوە و بەپێی پێوەرە جیهانییەکان بۆ دابینکردنی مووچە قەرزیان لێ وەربگرێت."

دەربارەی ئەوەی کە ئایا پەرلەمانتاران وەڵامی پێویستیان دەربارەی گرێبەست و فرۆشتنی نەوت وەرگرتووەتەوە یان نا، سكرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی، "وەزیریسامانە سرووشتییەکان دۆکیۆمێنتەکانی لا بوو و ڕوونکردنەوەی پێویستیشی دا و ڕاپۆرتێکی ساڵی 2013-ی بە وردی خوێندەوە و تا ئاستێکی باش جێگەی قەناعەتی پەرلەمانتاران بوو."

ئەمڕۆ چوارشەممە 4 حوزەیرانی 2014، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی پێشتر پەرلەمانتاران ئاراستەیان كردبوو سەبارەت بە قەیرانی دارایی و پرسی بودجە و نەوت لەگەڵ شاندێكی حكوومی چووە پەرلەمان و بەشداریی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكانی كرد.
جێگری راسپێردرا‌وی سەرۆكی حكوومەت بۆ كابینەی هەشتەم، قوباد تاڵەبانی و هەریەك لە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان، عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەت و سەعد خالید، رێكخەری پەرلەمان ‌و حكوومەت یاوەری نێچیرڤان بارزانییان كرد.
جگە لەو شاندە، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، فوئاد حوسێنیش ئامادەی دانیشتنەكەی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك لیژنەكان بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار