٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێکی سیاسی: سەرۆكی حكوومەت زەوینەسازیی بۆ چوار ساڵی ئارام و یەكگرتوویی ماڵی كوردی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە هاوکات چاودێری سیاسییە دەڵێت، لە كەمتر لە هەفتەیەكدا دوو جار سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمانی كوردستان چووە، بەم هەنگاوەیشی زەوینەسازیی بۆ چوار ساڵی ئارام و شەفافییەت و یەكگرتوویی ماڵی كوردی دەكات. دەشڵێت، هەنگاوێکە بۆ ئەوەی  پەرلەمان بە مەرجەع بزانرێ و كارەكانیشی بخاتە بەردەست نوێنەرانی خەڵك تا كەس موزایەدە نەكات و باسی ناڕوونی و تاكڕەوی نەكات.

ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سیروان زەهاوی، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "سەردانی سەرۆكی حكوومەت لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا دوو جار بۆ پەرلەمانی كوردستان، مانای ئەوە دەدات كە سەرۆكی حكوومەت پابەندە بەوەی كە بڕواتە بەردەم ئیرادەی خەڵكی كوردستان بۆ روونكردنەوەی پرسە گرینگەكان."

زەهاوی گوتیشی: "پێویست دەكات سەرۆكی حكوومەت بڕواتە بەردەم نوێنەرانی خەڵك و بەرامبەر ئیرادەی خەڵك شەفافانە هەندێك شت روون بكاتەوە كە پێویستە بكرێت، پێم وایە ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكوومەت زەوینەسازییە بۆ چوار ساڵی ئارام و شەفافییەت و یەكگرتوویی ماڵی كوردی، چونكە ڕەنگە لە زۆر شتدا لەیەكتێنەگەیشتن هەبێت، سەرۆكی حكوومەتیش مكوڕە لەسەر ئەوەی كە ئێمە دەبێت هەموومان لە یەكدی تێبگەین و نزیك بێ لە پەرلەمان بۆ ئەوەی هەر خەوش و نیگەرانی و گومانێك هەبێ، ڕوونی بكاتەوە."

ڕوونیشی كردەوە: "هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بە ئاراستەی رێكخستنەوەی ماڵی كوردی و یەكگرتوویی ماڵی كوردییە كە بە قەناعەتەوە یەكگرتوو بێ نەك بە ڕواڵەت بۆ ئەوەی بە قەناعەتیشەوە لە یەك تێبگەین كە نەوت لە خزمەتی خەڵكدایە و نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ كەسێك و چەند كەسێكی دیاریكراویش نییە."

گوتیشی: "ئەمە زەوینەسازییە بۆ یەكگرتوویی ماڵی كورد بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت بەرەو ئەوەی ئەم چوار ساڵە ئارام و دروست بەڕێ بكەین و هەنگاو بنرێ بەرەو بەمەرجەعبوونی پەرلەمان بۆ ئەوەی  پەرلەمان بە مەرجەع بزانرێ و حكوومەتیش كارەكانی خۆی بكات و كارەكانیشی بخاتە بەردەست نوێنەرانی خەڵك تا كەس موزایەدە نەكات و باسی ناڕوونی و تاكڕەوی نەكات، سەرۆكی حكوومەتیش رۆیشتووەتە بەردەم پەرلەمان و سنگی فراوان بووە بۆ هەموو پرسیارەكان و خەڵكی پسپۆڕیشی بردووە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە، ئەمە بۆ خۆی هەنگاوێكی جیدییە و كاتی خۆیشی بەس لە پەرلەمانەكانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەمەمان دەبینی، بەڵام ئەمرۆ بە روونی ئەوە لە كوردستان دەبینین كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شتێكی نامۆیە و نەمانبینیوە لە ناوچەكە و دەوڵەتانی دراوسێ كە سەرۆكوەزیران بڕواتە بەردەم پەرلەمان و لە هەفتەیەكدا دوو جار  لە دانیشتی راستەوخۆدا هەموو پرسیارەكانیش بە سینگفراوانییەوە وەڵام بداتەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار