٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاشتی هەورامی: بۆ ئەوە نەهاتووینەتە پەرلەمان هیچ شتێک بشارینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەكان، ئاشتی هەورامی دەڵێت،"بۆ ئەوە نەهاتووین هیچ شتێک بشارینەوە." گوتیشی "پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2007 بەپێی یاسایی 22 گرێبەستەکانی نەوتی ڕێک خستووە و پەسند کردووە، بەوثییەیش ئەنجاممان داون."

وەزیری سامانە سرووشتییەكان ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبەردەم لیژنەكانی پەرلەمان ڕوونكردنەوەی لەسەر هەناردەكردنی نەوت دا و گوتی: "ئەو پارانەی لە داهاتی نەوت دەستمان كەوتووە زۆر شەفافانە لە كتێبی داهاتی ساڵانەی وەزارەت ڕوون كراوەتەوە، بۆیە لە ڕووی ئابوورییەوە داتاكات ئاڵۆزن و ڕەنگە ئاستەم بێت بتوانرێت بە سانایی لێی تێ بگەن، بەڵام لە هەر شوێنێكدا گرفتتان هەبوو ئەوا ئێمە دەتوانین شارەزاتان لەو بوارانە بۆ بێنن تا بۆتان ڕوون بكەنەوە".

ئەو کە یاوەری سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانییە بۆ پەرلەمان گوتیشی: "كێشەی بەغدا ئەوەیە كە گوایە ئەو بودجەیەی لێی بڕیووین هیی ئەوەیە كە نەوتمان ناردووەتە دەرەوە لە كاتێكدا ئەوان نرخی بەرمیلێكان بە بەهای بازارەكانی جیهان داناوە و لەوێش خۆیان نرخ و بەهایان بۆ شتەكان داناوە و لەسەر ئەو بنەمایە بودجەی كوردستانیان بڕیووە كە ئەوە هەڵەیەكی یەكجار گەورەیە بەغدا هەنگاوی بۆ ناوە".

دەشڵێت، دەبێت سیاسەتی بە نیشتیمانیكردنی نەوت بگیرێتە بەر و لە موزایەداتی سیاسیی بهێنرێتە دەرەوە.

وەزیری سامانە سرووشتییەكان، ئاشتی هەورامی ڕایگەیاند، 9.5 ملیۆن دۆلارمان لە داهاتی نەوت دەستکەوتووە. گوتیشی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2007 بەپێی یاسایی 22 گرێبەستەکانی نەوتی ڕێک خستووە و پەسند کردووە، بەوثییەیش ئەنجاممان داون. گوتیشی، "10% لە دەرهێنانی نەوت موڵکی حکوومەتە و 85%-ی داهاتی نەوتیش دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەت.

ئەو لە ڕوونکردنەوەکەیدا لە پەرلەمانی کوردستان هاوکات دەڵێت، "لە فرۆشتنی نەوت داهاتی کۆمپانیاکان دابین دەکەین و هێشتایش نەگەیشتووینەتە ئەو 17%-ەی بەشی خۆمان."

ڕوونی کردەوە کە "عێراق 100 ملیۆن بەرمیل قەرزاری ئێمەیە، ئەگەر موستەحەقاتی کۆمپانیاکانیش لەسەر خۆمان حیساب بکەین هێشتا 40  ملیۆن قەرزاری ئێمەیە."

هەورامی هاوکات گوتی، کۆمپانیاکان 200 ملیۆن دۆلاریان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تاکلایەنە خەرج کردووە.

زیاتر گوتی، بێجگە لەو 8 ملیارەی کە بەغدا ناردوویەتی حکوومەتی هەرێمیش 8 ملیار بۆ پڕۆژەکان تەرخان کراوە، کە بەر کۆی پڕۆژەکان کەوتووە دەنا هەموو ئەو ئاوەدانی و پێشووەچوونە بەرجەستە نەدەبوو.

لە وەڵامی ئەوەیش کە گرێبەستەکان بچنە پەرلەمان، هەورامی گوتی، "یاسایی نییە، بەڵام دەشێت پەرلەمان دواتر لێیان بکۆڵێتەوە."

گوتیشی لە کەرتی نەوتدا مافی کارکەر و ئەوانەی لەو بوارەدا کار دەکەن چییە گوتی "دەبێ بە یاسا ڕێک بخرێ و پێویستیشە."

نێچیرڤان بارزانییش هاوکات دەربارەی هەڵوێستی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بە لای ئێمەوە هەر توانیویەتی ئەوەندە بڵێت کە گوتوویەتی و ئەو گلەییەیشمان لێیان هەیە کە دەبوایە ئاماژە درابایە کە یەکلایەنە مووچەی هەرێمیان بڕیوە."

گوتیشی "لەگەڵ تورکیایش بەرەنجامی کۆبوونەوەی 2 ساڵیمان ڕێککەوتووین کە بۆ ماوەی 5 ساڵ کار بکەین و قابیلی هەمواریشە."

زیاتر گوتی "وەک بابەتێکی سیاسییش سەیری بابەتەکە ناکەین کە بمانەوێت عێراق دابەش بکەین. بەڵکو مەبەستمانە بەش و مافی خۆمان وەربگرن و قەرەبووی بکەینەوە."

جەختیشی کردەوە کە "ئەوەی کە کراوە لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێمە."

هەواڵی پەیوەندیدار