سەرۆکی زانکۆ بۆ KDP.info: پۆشینی جلوبەرگی کوردی بووەتە نەریتی باوی زانکۆی سۆران

سۆران-KDP.info- بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٢ی ئەنجومەنی زانکۆی سۆران بۆ تەرخانکردنی ڕۆژانی پێنجشەممە بۆ پۆشینی جلوبەرگی کوردی، لە ئێستادا بووەتە نەریتێکی باو و بەردەوام لەنێو زانکۆکەدا. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، چەسپاندنی هەستی شانازیی نیشتمانی، و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کلتووری جیهانگیری لەسەر نەوەی نوێ جێبەجێ دەکرێت.
دکتۆر شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ـەوە ئەم بڕیارە دراوە و خۆشبەختانە ئێستا بووەتە نەریتێکی باو. لە ڕۆژانی پێنجشەممەدا قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەران بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە جلوبەرگی کوردی دەپۆشن، کە بەمەش دیمەنێکی تایبەت بە زانکۆ دەبەخشێت و کاریگەرییەکی ئەرێنی لای هەمووان دروست کردووە."
سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "سەردەمی ئێستا سەردەمی کلتوورە جیهانییەکانە کە کاریگەری لەسەر هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی نەوەی نوێ هەیە، بۆیە زانکۆ وەکو بەرپرسیاریەتیی سەرەکی سەرشانی ڕێکاری پێویستی بۆ ئەم بابەتە گرتووەتە بەر و پۆشیینی جل و بەرگی کوردی لە ڕۆژانی پێنجشەممە بەشێک لەم ڕێکارانەیە."
لە کۆتاییدا د. شێروان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستپێشخەرییەی زانکۆی سۆران بەگەرمی لەلایەن هاووڵاتییان و میوانانەوە پێشوازیی لێ کراوە، و تەنانەت بووەتە ئیلهامبەخش بۆ چەندین ناوەند و دەزگای دیکە تا بڕیاری هاوشێوە بدەن. ئاماژەی بەوەش دا کە زانکۆی سۆران پاراستنی شوناسی نەتەوەیی بە بەشێک لە بەرپرسیاریەتییە سەرەکییە نیشتمانییەکانی خۆی دەزانێت.
ئەژین غەفار





