مەسروور بارزانی: پیرۆزە لە خەڵکی کوردستان و کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی (كۆڕێ -شەقڵاوە - قەنديل) گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی وتاری مەسروور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، بەڕێزان زۆر زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ کردنەوەی ئەم رێگەیە جووتسایدییە، بەینی پیرمام و رێگەی شەقڵاوە و ماوەران و کاوانیان و بەستنەوەی ئەم دەڤەرە بەیەکەوە.
کە بەڕاستی جادەیەک و شەقامێکی یەکجار جوان و رێکوپێکیان دروست کردووە، هەرچەندە زۆریش سەختە ئەگەر تەماشای بکەن پڕکردنەوە و دابڕینی شاخەکان، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر جوان و رێکوپێک و ستانداردێکی نێودەوڵەتی دروستیان کردووە. دەستخۆشی لە کۆمپانیای نۆرس لایت دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە جوانە.
هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن، نموونەیان زۆر بێت و، بتوانین هەموو رێگەکانی کوردستان بەم شێوەیە لەم ئاستە باشە دروست بکەین و شارەکانمان بەیەکەوە ببەستینەوە کە بێگومان ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، بۆ گەشتیارەکان کە سەردانی کوردستان دەکەن، بۆ بابەتی بازرگانی، کەمکردنەوەی کات، بۆ گەیاندن و پێکەوە بەستنەوەی شارەکان بەیەکەوە. ئەمانە هەمووی، یەعنی ئەم رێگەیە کاریگەرییان لەسەر ئەو بابەتانە دەبێت و یارمەتی هاووڵاتییان دەدات.
هیوادارم هاووڵاتیان چێژ لەم جووتسایدییە وەربگرن، بەڵام رێنماییەکانی هاتوچۆش لەبەرچاو بگرن، بۆ سەلامەتی خۆیان و سەلامەتی کەسوکارەکانیان و سەلامەتی هاووڵاتییانی تر، هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن.
ئەوەی جیاوازە لەو جووتسایدییە کە هەستم پێکرد، ئاهەنگی سروودی (ئەی ڕەقیب) لەسەر شەقامەکە دروست کراوە بە جۆرێک ئەگەر لەسەر خێرایی 80 بڕۆی گوێت لە ئاهەنگی سروودی ئەی ڕەقیب دەبێت، کە بەڕاستی شتێکی زۆر جوانە. هیوادارم تاقی بکەنەوە، بەڵام لەسەرخۆ، ئینشائەڵڵا بەبێ کێشە و گرفت.
پیرۆزە لە خەڵکی ئەم دەڤەرە و لە هەموو کوردستان، هەر سەرکەوتووبن، کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.
