هاووڵاتییان بۆ KDP.info: تەباییی نێوان هێزەکان گەورەترین هێزە

هەولێر-KDP.info- دیمەنەکانی کۆبوونەوەی ئاستبەرزی نێوان هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی، شەپۆلێکی گەورەی دڵخۆشی و گەشبینیی لە شەقامی کوردستاندا دروست کرد. هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، خۆشحاڵیی خۆیان بەو کەشە تەبا و نیشتمانییە دەردەبڕن و جەخت دەکەنەوە کە یەکڕیزی و یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکان، بەهێزترین قەڵای بەرگرییە لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، دیداری سەرکردایەتیی باڵای پارتی و یەکێتی لە سلێمانی وەک پەیامێکی مێژوویی و وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی کوردستان بوونەتەوە بینرا. هاووڵاتییان ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی پیرۆز دەزانن و هیواخوازن ئەم تەبایی و پێکەوەبوونە ببێتە بنەمایەکی هەمیشەیی بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان.

ساڵح ئەحمە، گەنجێکی شاری هەولێرە و بە گەشبینییەکی زۆرەوە باس لە کاریگەریی کۆبوونەوەکە دەکات و بۆ KDP.info دەڵێت، ''بینینی سەرکردە باڵاکانی کوردستان لەسەر یەک مێز و بەو ڕووە گەشەوە، گەورەترین مژدە و دڵخۆشییە بۆ هەموو تاکێکی کوردستان. ئێمە وەک هاووڵاتی کاتێک دەبینین پارتی و یەکێتی پێکەوە و بە یەک دەنگ بڕیار دەدەن، هەست بە ئارامی و متمانەیەکی بێسنوور دەکەین، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی هەر کاتێک کورد تەبا و یەکڕیز بووبێت، هیچ هێزێک نەیتوانیوە ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت.
لە شاری سلێمانیشەوە، کە میوانداریی ئەم کۆبوونەوە مێژووییەی کرد، هەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و یەکڕیزی باڵی بەسەر گفتوگۆی هاووڵاتییاندا کێشاوە. وەفا ڕەشید حەمەئەمین، کە گەنجێکی سنووری سلێمانییە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت، ''ئەمڕۆ سلێمانی و هەموو کوردستان دیمەنێکی زۆر جوان و شکۆمەندیان بەخۆوە بینی. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەو یەکهەڵوێستییەی ئەمڕۆ و داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین هەمیشە تەبا و یەکگرتوو بن، چونکە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانین مافەکانمان بپارێزین.
هاووڵاتییانی دەڤەری بادینانیش بە هەمان گیانی نەتەوەییەوە پێشوازی لەو نزیکبوونەوە و یەکڕیزییە دەکەن. سەهل زێباری، هاووڵاتییەکی شاری دهۆکە و بۆ KDP.info دەڵێت، ''ئەو دیمەنانەی ئەمڕۆ دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆزی خۆش کرد. کاتێک هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە یەک تیم و یەک گوتار دەچنە بەغدا، پێگەی کوردستان بەهێزتر دەبێت و کەس ناتوانێت مافە دەستوورییەکانمان پێشێل بکات. هیوادارین ئەم یەکدەنگییە بەردەوام بێت، چونکە تەباییی ناوخۆیی سەرچاوەی هێز و سەربەرزیی هەموومانە.
ئەم پێشوازییە گەرمەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
هۆشمەند نەجمەدین




