ڕاگەیاندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد و دانیشتنەکەی بە دەستکەوتێکی نیشتمانی ناوبرد.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، و هەروەها هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلی کوردستان دەکەین.
کارابوونەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، و دەربازگەیەکی بەهێزە بەرەو پێکهێنانی حکوومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاست هێڤی و داواکارییەکانی هاووڵاتیاندا بێت و گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەهێزتر بکات.
دانیشتنی ئەمڕۆ دەستکەوتێکی نیشتمانییە، دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەکەین کە بە بەشدارییان وەڵامی ئیرادەی ڕەوای خەڵکی کوردستانیان دایەوە.
بە بڕوای ئێمە، ئەم هەنگاوە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە پێناو پاراستنی مافە دەستوورییەکانماندا.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٤ـی نۆڤێمبەری




