سەرۆکی نوێی پەرلەمان: کاراکردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکاندایە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا. سەرۆکی نوێی پەرلەمان ڕایگەیاند کە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک و پرۆسەی دیموکراسی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتیی سەمیرە حەسەن وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئامادەبوو، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا کە پێکهاتبوو لە:
د. ڤالا فەرید وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
رامین نوری عەودی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان.
مونا نەبی قەهوەچی وەک سکرتێری پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای هەڵبژاردنی، د. ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردەوە لەوەی لەم قۆناغەدا ڕێز لە دیموکراسی و دەنگی خەڵک گیراوە.
د. ڤالا فەرید ڕوونیشی کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دژی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو لە خزمەتی تەواوی لایەنەکاندایە و هەنگاوێکە بەرەو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان. ئاماژەی بەوەش دا کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی یەکگرتووی دەستوورییە و پەرلەمانیش سەکۆی سەرەکیی یەکگرتوویی کوردستانە.




