پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و کاراکردنەوەی پەرلەمانی بە سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان لەقەڵەم دا، هاوکات داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیدا بێنە پێشەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەکەم. هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئەندام پەرلەمانە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر و چاونەترس و خەمخۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ پارێزگاریکردن لە شەرعیەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
بڕیاری ئەمڕۆی ئێوە، وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و ویستی دەنگدەران و ئەم هەنگاوە، سەرخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە. کاراکردنەوەی پەرلەمان، پابەندبوون و پێگیریکردنە بە جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسی. هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەندام پەرلەمانەکانی تریش، بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن و ئەرکی نیشتمانی و شەرعی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی و متمانەی دەنگدەرانیان بن.
هەر لێرەشدا داوا لە گشت لایەنەکان دەکەم، لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە، خزمەتێکی شایستەتری گەل و نیشتمانمان بکەین و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 2026/11/4
