بەشی هەڵبژاردن تاوتوێی داهاتووی پرۆسەی دیموکراتی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا دەکات

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و توانای کادران و بەهێزکردنی ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان سیمینارێکی تایبەتی لەبارەی گونجاندنی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ لە پرۆسەی دیموکراتیدا ڕێکخست.
سیمینارەکە لەژێر ناونیشانی (هەڵبژاردن و زیرەکی دەستکرد، داهاتووی پرۆسەی دیموکراتی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا) بەڕێوەچوو، کە تێیدا لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن، بابەتەکەی پێشکەش کرد، بە ئامادەبوونی ئەڤین هروری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن و ئەندامانی بەش.
لە سیمینارەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر گرنگی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد (AI) لە بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی قۆناغە جیاوازەکانی هەڵبژاردندا. هەروەها ڕۆڵ، دەرفەتەکان و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە لە پەرەپێدانی میکانیزمی کار، بەرزکردنەوەی وردبینی و ئامادەکارییە لۆجستییەکانی پرۆسەکە خرانەڕوو.
شایانی باسە، ئەم چالاکییە جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیدانی بەشی هەڵبژاردن بە هاوچەرخکردنی ئامرازەکانی کار و ئاشناکردنی کادرەکان بە دواپێشهاتە تەکنەلۆژییەکان، تاوەکو بە توانایەکی بەرز و زانیاریی هاوچەرخەوە بەرەو بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی هەڵبژاردن هەنگاو بنێن.






