فراکسیۆنی پارتی داوای ئامادەبوونی پەرلەمانتاران دەکات بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان

ھەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بانگەوازێک ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتاران دەکات کە سبەی چوارشەممە، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە ببن، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم و ڕێگریکردن لە بەردەوامیی پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان.
دەقی بانگەوازەكەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بانگەوا بۆ سەرجەم فراکسیۆنەکانى پەرلەمانی کوردستان-عێراق
بەڕێزان،
لەسەر بنەمای بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی ماددەکانی (٤٦، ٤٧ و ٤٨)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان -عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو و ماددەکانی (١١) تا (١٤)ی پەیڕەوی ناوخۆ ، و داواكاریی فەرمیی سەرۆكی تەمەن لەسەرۆكی دیوانی پەرلەمان، بە نوسراویان لە ڕێكەوتی (9/12/2024)، بەوەی هەموو ڕۆژێك كاتژمێر (11) زەنگی كۆبوونەوەی تەواوكاریی دانیشتنی یەكەم لە پەرلەمان لێ بدرێت.
دوای تێپەڕبوونی پتر لە دووساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نیە و نەیتوانیوە بەئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لەسیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت. ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە تەواوی ئەرك و ڕێكارەكانی دانیشتنی یەكەمی خولەكە، كە لە 2/ 12/ 2024دا بەسترا، بەپێی یاسا بەركارەكان جێبەجێنەكراوە.
لەو سۆنگەیەشەوە، كە دەنگ و ئیرادەی هاووڵاتی کاتێک مانا دەبەخشێت كە لە پەرلەمانێکی کارادا بەرجەستەببێت، و ڕۆڵی یاسایی خۆی لە پێکهێنان و چاودێریکردنی دامەزراوەکانی هەرێمدا بگێڕێت، پەککەوتنی پەرلەمان هەڵپەساردنی ئەو ئیرادەیەیە و پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسی و بەرژەوەندیە باڵاكانی هەرێمی كوردستانە. ئێمەی ئەندامانی پەرلەمان كە لەخوارەوە واژۆمان كردووە، داوا لەگشت پەرلەمانتارە بەڕێزەكان دەکەین، کە لە ڕۆژی (چوارشەممە)، ڕێکەوتی (4/11/2026) کاتژمێر (11)ى سەرلەبەیانی لە هۆڵی پەرلەمانى كوردستان ئامادەبين، بۆ کۆبوونەوەی تەواوكاریی ڕێكارەكانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم.
لە كۆتاییدا، هیوادارین هەموومان پێكەوە ئەم بەرپرسیارێتیە مێژووییە بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و ئیرادەى دەنگدەران و بەرژەوەندیە باڵاكانی قەوارەی هەرێمى كوردستان هەڵبگرین، و هەنگاو بنێین بۆ قۆناغێكی نوێی كاری پەرلەمانیی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی یاسایی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم ڕووەكانەوە.
لەگەڵ ڕێزماندا
3/ 11 / 2026
