٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی سۆسیالیستی کوردستان پێزانینی تایبەتی بۆ پشتیوانییەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لایق کوریمەی، پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی سۆسیالیستی کوردستان (باکوور) بە سەرۆکایەتیی بایرام بۆزیەلی کرد.

لە دیدارەکەدا جەخت لە پشتیوانیی پارتی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان کرایەوە، هاوکات د. کەمال کەرکووکی ئاماژەی بە زیانە سیاسی و یاساییەکانی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، بایرام بۆزیەلی سوپاس و ستایشی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی بەردەوامی بارودۆخی باکووری کوردستان و پشتیوانییە بەردەوامەکانی بەشی پەیوەندییەکانی گشتیی پارتی. هاوکات شاندی میوان ڕوونکردنەوەیەکی زانستیی لەسەر ڕەوشی سیاسیی باکوور و دەستپێکردنەوەی ئاراستەکانی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکە پێشکەش کرد.

لە بەرامبەردا، د. کەمال کەرکووکی پشتیوانیی تەواوی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی بە شێوازێک کە پرسی کورد لە باکوور بەڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکات.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، د. کەمال کەرکووکی ڕایگەیاند، "پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان زیانێکی سیاسی و یاسایی گەورە بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. بەرپەرسیارییەتی ئەم دۆخەش دەکەوێتە سەر ئەرکی ئەو پەرلەمانتارانەی بە فەرمانی حزبەکانیان دەوام ناکەن و بوونەتە هۆی پەکخستنی دامەزراوەیەکی دەستووری، لە کاتێکدا سوێندی یاساییان خواردووە، کەچی ئێستا بە بێ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان تەنیا مووچەکانیان وەردەگرن."

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئاڵۆزی و شەڕەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و هەردوولا ئومێدیان خواست کە ڕێگەی ئاشتی بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکان بدۆزرێتەوە. لە کۆتاییشدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو حزب و زیاتر بەهێزکردنیان.

هەواڵی پەیوەندیدار