بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵگەریی بەریتانیا کرد

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، لە پێشوازیکردنی لە شاندێکی کونسوڵگەریی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، تاوتوێی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دۆخی شنگالی کرد و جەختی لەسەر پەیڕەوکردنی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە دەستوور کردەوە.
لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا، مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە تۆم برۆملی، بەرپرسی نوێی بەشی سیاسی و خاتوو هاریەت بێڵ لە کونسوڵگەریی گشتیی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) لە هەولێر کرد. لە سەرەتای دیدارەکەدا هوشیار سیوەیلی پیرۆزبایی لە بەرپرسە نوێیەکە کرد و سوپاسی ڕۆڵی خاتوو هاریەت بێڵی کرد لە پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا ڕا و بۆچوونیان دەربارەی گرژییە هەرێمایەتییەکان و ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکان ئاڵوگۆڕ کرد. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ململانێ و ناکۆکییە هەرێمییەکان و نابێتە بەشێکیش لێی، بەڵکو باوەڕی تەواوی بە دیالۆگ و قبووڵکردنی یەکتری لە چوارچێوەی یاسادا هەیە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان تیشکخستنە سەر پرسی بودجە و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، تێیدا جەخت لە گرنگیی گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دەستووری کرایەوە کە سەقامگیریی ئابووریی عێراقیش بەهێز بکات. هەروەها دۆخی ئەمنیی شنگال و مەترسیی گرووپە چەکدارەکان لەسەر دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان تاوتوێ کرا و دووپات کرایەوە کە چارەسەری ڕیشەییی کێشەکان تەنیا لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە دەستوور و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانەوە دەبێتز
لە کۆتاییدا، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە ئاسایشی ناوچەکە و جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگی و گفتوگۆکان لەگەڵ کونسوڵگەریی بەریتانیا کردەوە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری.






