٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

به‌رێوبه‌ری سوته‌مه‌نی بۆ KDP.info باسی دابه‌شكردنی نه‌وتی ماڵان ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر ڕایدەگەێنێت، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان و لەم مانگەدا پڕۆسەکە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێ دەکات، بەڵام چاوەڕوانی تەواوبوونی ڕێکارەکان لە بەغداوە دەکەن بۆ دەستپێکردنی گواستنەوەی سوتەمەنییەکە.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان، چاوەڕێین ڕێکارەکان تەواو ببن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەست بە گواستنەوەی بڕەکەی بکەین. ئێمە ئامادەکاریی تەواومان کردووە و هەر کاتێک نەوتەکە بگات، بە ڕۆژێک دوای ئەوە دابەشکردنی دەست پێ دەکات."

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕە دابینکراوە کەمە و گوتی، "تەنیا سنووری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێویستیان بە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوت هەیە تاوەکو بەسەر هەر خێزانێکدا بەرمیلێک دابەش بکرێت، بۆیە پێویستە بڕی زیاتر دابین بكرێت."

دەربارەی نرخی بەرمیلێک نەوت، ئاری کاکەشین ڕوونی کردەوە کە ئەو نرخەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە ڕاست نییە، چونکە تێچووی گواستنەوەشی دەچێتە سەر و دوای دیاریکردنی میکانیزمێك، نرخەکەی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی لەسەر خەتە لەگەڵ بەغدا تاوەکو پێش هاتنی وەرزی سەرما و زستان، نەوتی پێویست بگاتە دەست هاووڵاتییان.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار