سیپان شێروانی بۆ KDP.info: مەرجی نادەستووری لە ڕەشنووسی بودجە هۆکاری نیگەرانیی کوردە

هەولێر-KDP.info- سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەو ڕەشنووسەی لە بەغدا بۆ یاسای بودجەی گشتیی ساڵی داهاتوو ئامادە کراوە غەدرێکی زۆر لە سەرجەم مافەکانی گەلی کورد کراوە و چەندین مەرجی قورس فەرز کراون کە مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر نیوەی مووچەی ساڵی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەکەن. هاوکات جەختی کردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجدی لەسەر هێڵە بۆ گۆڕینی ڕەشنووسەکە و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی گوتی، "هۆکاری نیگەرانیی کورد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕەشنووسەکەدا مووچە لە خەرجیی فیعلی جیا نەکراوەتەوە و مەرجگەلێکی نادەستووری دانراون. هەرچەندە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە و لەسەر داواکارییەکان ڕێککەوتن کراوە، بەڵام ئەوەی لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە تەواو پێچەوانەی گفتوگۆکانە، بۆیە پێویستە لەسەر بنەمای نووسراوی فەرمی مامەڵە بکرێت نەک بەڵێنی زارەکی."
سەبارەت بە وردەکاریی ژمارەکان و پشکی هەرێم، شێروانی ڕوونی کردەوە، "داواکاریی هەرێمی کوردستان ١٤٪ی بودجەیە (نزیکەی ٢٠ ترلیۆن دینار)، لە کاتێکدا بەغدا باسی ٥٨٪ی دەکات (نزیکەی ١٨ ترلیۆن دینار). بەڵام جگە لەمەش، نزیکەی ٤١ ترلیۆن دیناریان بەناوی خەرجیی سیادی و وەزارەتەکانەوە لە بودجەی گشتی دەرهێناوە و پشکی شەش ترلیۆن دیناری هەرێمیان لێ فەرامۆش کردووە، بەمەش پشکی هەرێم تەنها لەسەر بنەمای ١٠٥ ترلیۆن دینار دیاری کراوە."
شێروانی سەبارەت بە مەرجە قورسەکان و کەمبوونەوەی شایستەکان دەڵێت، "دانانی مەرجی ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت، بڕینەوەی قەرزی (TBI) کە ساڵانە ترلیۆنێک و ٦٦٠ ملیار دینار دەکات لەگەڵ دانانی زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری داهاتی نانەوتی، وادەکات پشکی هەرێم لە ١٠ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارەوە دابەزێت بۆ تەنها ٧ ترلیۆن دینار. ئەم بڕەش بەشی تەنها حەوت مووچەی ساڵێک دەکات و هەرێم لە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی تر بێبەش دەکات."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سیپان شێروانی جەختی لەسەر پێویستیی یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان کردەوە و گوتی، "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر گۆڕینی ئەم ڕەشنووسە و لەسەر ئاستی باڵا کار و دانوستانی لەسەر دەکرێت. ئەرکی ئێمەشە وەک ٥٨ پەرلەمانتاری کوردی لە بەغدا، وەک پێکهاتەیەک بە یەک هەڵوێست کار بکەین بۆ ئەوەی ڕێگری لەم غەدرە بگرین و ماف و بژێوی خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنینەوە."
بڵند ئیبراهیم




