هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا (COP31) دەکات

ھەولێر-KDP.info- لە پێناو پاراستنی ئاییندەی هاووڵاتییان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) لە وڵاتی تورکیا دەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی ناوچەکە لە زیانە ژینگەیییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، بەیان سامی عەبدلڕەحمان، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەشداریی هەرێم کردەوە و ڕایگەیاند کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، کەرتی کشتوکاڵ، دارستانەکان و تەنانەت ڕێژەی بارینی بەفر و بارانیش دروست کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە بەشداریی هەرێمی کوردستان لە (COP31) بە ئامانج و پلانێکی ڕوونەوە بێت، بە جۆرێک کە داخوازییەکانی هەرێم و دەسکەوتە بەدیهاتووەکان دیار بن و بتوانرێت هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەوشی ژینگەیی و دابینکردنی داهاتوویەکی ئارام و سەوز بۆ هاووڵاتییان بەدەست بهێنرێت.




