٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

ئەمڕۆ گەشتەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info - بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند: بەهۆی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، گەشتەکانی یەکێتیی ئەورووپاش ڕاگیرابوون، بەڵام لەمڕۆوە جارێکی دیکە گەشتەکان دەست پێ دەکەنەوە و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا گەشتی زیاتر دەست پێ بکەنەوە.

​ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پلان وابوو ئەمساڵ ڕێژەی گەشتیار بگاتە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی یەک تاوەکو مانگی نۆ ملیۆنێک و ١١٢ هەزار و ٨٣٩ گەشتیار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاتوچۆیان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە یەک ملیۆن و ٥٨٥ هەزار و ١١٩ گەشتیار هاتوچۆیان کردبوو، بە ڕێژەی ٣٨٪ کەم بووەتەوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کە ٤٣ ڕۆژ ئاسمانی عێراق داخرا و تاوەکو گەشتەکان دەستیان پێ کردەوە کاتی پێویستی دەویست، بۆیە ئەوە کاریگەری و زیانیشی هەبوو.

​ئەحمەد هۆشیار گوتیشی: ئێستا دوای نەمانی ئاڵۆزییەکان، یەکەم هێڵ کە دەستی بە گەشتەکان کردەوە هێڵی مەلەکیی ئوردنی بوو. بە هەوڵێکی زۆر توانیمان قەناعەت بە هێڵەکان بێنین بەردەوامی بە گەشتەکانیان بدەنەوە. هێڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا قەدەغەیان کردبوو گەشت بکەن، بەڵام لەگەڵیان لەسەر خەتین و جارێکی دیکە هێڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ دەستیان پێ کردەوە.

​ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوەش کرد: لە ئێستادا لە عێراق تەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەست پێ دەکەنەوە و هەفتانە ١٤ گەشتیان دەبێت، لە سەرەتای مانگی ١٢دا زیاتریش دەبن و هەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم هێڵەکان دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە.

​بڵند ئیبراهیم