٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە سلێمانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی یادی هونەرمەند تەها ئەحمەد ڕەسوڵ بەرز ڕادەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ڕۆژی شەممە، ٣١ی ١٠ی ٢٠٢٦، لە هۆڵی سینەما سالم لە شاری سلێمانی، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا و لەژێر ناونیشانی «یادێک لەنێو پەیڤ و ڕەنگدا»، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان یادی نووسەر و هونەرمەندی کۆچکردوو، ڕەوانشاد تەها ئەحمەد ڕەسوولی بەرز ڕاگرت.

بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، خانەوادەی ڕەوانشاد تەها ئەحمەد ڕەسووڵ، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆژنامەڤانان، هونەرمەندان و ڕووناکبیران بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە کردنەوەی پێشانگەی شێوەکاریی تەها ئەحمەد ڕەسوڵ دەستی پێکرد. دواتر ڕێوڕەسمەکە، بە ساتێک وەستان و بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد، و پاشان داگیرساندنی پێنج مۆم لە پێش وێنەی ڕەوانشاد تەها ئەحمەد ڕەسوڵ دەستی پێکرد.

دواتر، شیلان محەممەد زەنگەنە، سەرنووسەری گۆڤاری هەردەم، پەیڤی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەی کرد.

پاشان، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، پەیڤی پارێزگای سلێمانیی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پێگە و ڕۆڵی دیاری کۆچکردوو لە بواری ئەدەب و هونەردا.

لە بڕگەیەکی دیکەی یادەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بە ناونیشانی «تەها ئەحمەد ڕەسوڵ، یادێک لەنێو پەیڤ و ڕەنگدا»، کە لە ئامادەکردنی تەلەڤزیۆنی سلێمانی بوو، نمایش کرا و تێیدا تیشک خرایە سەر قۆناغەکانی ژیان و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی ناوبراو.

دواتر، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیڤی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پێشکەش کرد و بە وردی تیشکی خستە سەر وێستگەکانی کارکردن و خزمەتە دیارەکانی تەها ئەحمەد ڕەسوڵ لە گۆڤاری «هەردەم» و ڕۆڵی بەرچاوی لە بزاڤی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەریدا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لەدەستدانی قەڵەم و هونەرمەندێکی فرەبەهرەی وەکوو تەها ئەحمەد ڕەسوڵ، کەلێنێکی گەورەی لە کایەی ئەدەب، هونەر و کەلتووریی کوردیدا بەجێ هێشتووە، و ئاماژەی بەوەش دا کە بەسەرکردنەوە و زیندووڕاگرتنی یادی داهێنەران و ڕۆشنبیران، لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنە.

پاشان، نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، پەیڤی سەندیکای هونەرمەندانی پێشکەش کرد و ستایشی کاروانی پڕ لە بەخششی هونەریی کۆچکردووی کرد.

دواتر، فیچەرێکی پانۆراماییی وێنەیی لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی تەها ئەحمەد ڕەسوڵ پێشکەش کرا و، لە بەشێکی دیکەی یادەکەدا، هونەرمەند ژێوار ئیسماعیل بە پارچە مۆسیقایەک و ژەنینی ئامێری کلارنێت، بەشدار بوو لە ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی شکۆمەند.

دواتریش فوئاد سەراج، وتاری لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کوردی پێشکەش کرد و بە بەیاخەوە باسی لە خزمەتە بەرچاوەکانی تەها ئەحمەد ڕەسوڵ کرد.

لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەشدا، خەڵاتی ڕێزلێنان و گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە خانەوادەی نووسەر و هونەرمەند تەها ئەحمەد ڕەسوڵ کرا.

پاشان، پەیڤی خانەوادەی نووسەر و شێوەکار تەها ئەحمەد ڕەسوڵ لەلایەن محەممەد ئەحمەد ڕەسوڵەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا وێڕای دەربڕینی پێزانینی قووڵ بۆ ڕێکخستنی ئەم یادە شکۆدارە، سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ ئەم وەفاداری و ڕێزلێنانە لە مێژوو و بەرهەمەکانی ڕەوانشاد.

هەواڵی پەیوەندیدار