فەریاد فازڵ بۆ KDP.info: کردنەوەی پێشانگەکە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بایەخێکی گەورەی پێ بەخشی

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین خۆشحاڵیی خۆی بە بەسەرکردنەوەی ستاندەکەیان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە لە خولی هەژدەیەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب دەربڕی و گوتی، خۆشحاڵبووم سەرۆکی نەتەوەییمان، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەم پێشانگەیەی کردەوە تاوەکو دامودەزگا بەتواناکان تێیدا بەشدار بن و بەرهەمەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن."
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە درووشمی (من کوردستانیم)، خولی هەژدەیەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێری پایتەخت کرایەوە، کە تێیدا نوێنەرانی ١٨ وڵات بەشدارن و زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب بۆ ماوەی دە ڕۆژ دەخرێنە ڕوو.
لەو بارەیەوە و لە ڕۆژی دەیەمینی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب، د. فەریاد فازڵ عومەر، سەرۆک و دامەزرێنەری ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "خۆشحاڵم سەرۆکی نەتەوەییمان، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەم پێشانگەیەی کردەوە تاوەکو دامودەزگا بەتواناکان تێیدا بەشدار بن و بەرهەمەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن."
سەبارەت بە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ستاندی ئینستیتووتەکەیان، د. فەریاد ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر خۆشحاڵ بووین کە جەنابی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی کردنەوەی پێشانگەکەدا هاتە لای ئێمە و سەرنجی ئەو کارانەی دا کە ئەنجاممان داون، جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر دڵخۆش بوو بەوەی بینی لەم ساڵەدا نزیکەی ٨٠ کتێبی کوردیمان بۆ منداڵان بڵاو کردووەتەوە، کە زۆربەیان لە چوارچێوەی زنجیرەی چیرۆکی منداڵاندا ئامادە کراون."
سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین ئاواتی خواست پێشانگەکە ببێتە ئاوێنەی ڕاستەقینەی فەرهەنگ و بیری کوردی و هاندەریش بوو بۆ ئامادەبوونی بەرچاو و لێشاوی هاووڵاتییان، بەتایبەت چوونەپێشەوەی ئاستی خوێندنەوە لای منداڵان تاوەکو ببێتە کلتوور.
هاوکات، د. فەریاد فازڵ عومەر ئاماژەی بە پێویستیی بەشداریی زیاتری دەزگا گەورەکانی ئەورووپا، عەرەبی، فارسی و تورکی کرد و پێشنیازی بۆ ڕێکخەرانی پێشانگەکە کرد کە بۆ خولەکانی ئایندە هەوڵەکانیان بەرفراوانتر بکەن تاوەکو ڕەهەندێکی جیهانیی بەهێزتر بە پێشانگەکە ببەخشرێت و بایەخی زیاتریش بە وەرگێڕانی بڵاوکراوە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە بدرێت.
خێڵان بەختیار
