٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

سیداد بارزانی بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی بەشداری لە یادی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری تورکیادا کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی، نوێنەرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی، حکوومی و دیپلۆماتکاران، ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری تورکیا لە هەولێر بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەولێر، ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی یادی ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەی ڕێک خست.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، نوێنەرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، جگه لە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکوومی، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیپلۆماتکارانی وڵاتان ئامادە بوون.

لە وتارێکدا، ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی و پێزانین بۆ بەشداریی بەرز و بەرچاوی میوانان، جەختی لە گرنگیی دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و ئامادەییی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی زیاتری هاوکارییەکان دەربڕی.

دواتر سەفین موحسین دزەیی، بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی ئاراستەی گەل و حکوومەتی تورکیا، باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا و کۆنسوڵگەریی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر کرد. ناوبراو دووپاتی لە بایەخی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و بەردەوامیی هەماهەنگیی هاوبەش لە سەرجەم بووارەکاندا کردەوە.