هۆشیار زێباری لە بەغدا زنجیرەیەک دیداری ئەنجام دا و چەند دۆسیەیەکی تاوتوێ کرد

بەغدا-KDP.info- هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە یاوەریی شاندێکی ناوەند، زنجیرەیەک سەردانی بۆلای لەیس خەزعەلی، موحسین مەندەلاوی و د. محەمەد عەلی تەمیم، بەڕێوە برد و تێیاندا جەخت لە بەهێزکردنی هەماهەنگی، دەستووریکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری کرا.
ئەمڕۆ، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە یاوەریی شاندێکی ناوەند، زنجیرەیەک سەردان و دیداری دیپلۆماسی لە شاری بەغدا بەڕێوە برد.
شاندی ناوەندی سەرکردایەتی سەردانی لەیس خەزعەلی، جێگری سەرۆکی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری خزمەتگوزارییان کرد. لە دیدارەکەدا، هۆشیار زێباری پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئاراستە کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێکەیدا بۆ خواست. هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش و پشتیوانیکردنی حکوومەت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەیدا کردەوە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان.

لە سەردانێکی تریدا بۆ لای موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی وەزیران بۆ کاروباری وزە، شاندی میوان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیان لێ کرد. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دوا پێشهاتە سیاسییەکان و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، بەتایبەتی لە بواری وزەدا، هەروەها جەخت لەسەر ئامادەکاری بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کرایەوە وەک چارەسەرێکی دەستووری بۆ کێشەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی سیاسی.

لە درێژەی دیدارەکاندا، هۆشیار زێباری و شاندی یاوەری سەردانی د. محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکی وەزیران بۆ کاروباری ئابوورییان کرد. لەگەڵ گەیاندنی پیرۆزبایی، تیشک خرایە سەر دوا گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی کرا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧، بە جۆرێک کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان مسۆگەر بکات و پرۆسەی گەشەپێدان ببووژێنێتەوە.

