٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵگورد شێخ نەجیب بۆ KDP.info: هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە فەرمی داوای لە بەغدا کردووە بە هەمان نرخی عێراق نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بە جۆرێک لە قۆناغی یەکەمدا بەپەلە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێبکات.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نووسراوی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی. هاوکات پێویستە بەغداش هەنگاوی کرداری بنێت بۆ ڕەوانەکردنی نەوتی سپی، بەتایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەکان کە وەرزی سەرما تێیاندا زوو دەست پێدەکات و زستانیان درێژخایەنترە، تاوەکو هاووڵاتییان ناچار نەبن دەست بۆ بڕینی دارەکانی سروشت ببەن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران جەختیشی کردەوە، پلانەکە بەو جۆرەیە کە لە قۆناغی یەکەمدا سووتەمەنی بۆ ناوچە شاخاوییەکان و لە قۆناغی دووەمدا بۆ ناوچەکانی دیکە دابین بکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، داوایان کردووە نەوتەکە بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمدا دابەش بکرێت، تاوەکو ئەم پرسە بەیەکجاری یەکلا ببێتەوە و لە داهاتووشدا گرفتی دابینکردنی سووتەمەنی دروست نەبێتەوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار