ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە پێشهاتەکانی شنگال لە وەزارەتی ناوخۆوە

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەنگاوە تاکلایەنەکانی بەغدا لە شنگال دەربڕی و جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال یان گەڕانەوە بۆ ئیرادەی دانیشتووانی ناوچەکە کردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بەشێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
بە بیر هەموو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەهید و ٣٠٠٠ برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێ ڕێز لەو قوربانی و تێکۆشانە بگیرێت.
سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەبار دەبات.
تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە، چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فیدراڵ بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی داون. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان، کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
٢٧-١٠-٢٠٢٦




