عەلی حوسێن: ئەمڕۆمان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و درێژەپێدەری ڕێبازیان دەبین

ھەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە (٢٧ی ١٠ی ٢٠٢٦)، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، سەردانی مەزاری شەهیدان و فەرماندەکانی لە سنووری هەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند، شەهیدبوون لە پێناو کوردستان و گەلەکەمان شانازییەکی گەورەیە و وەک وەفا و ڕێز لەبیریان ناکەین.
لە سەردانەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی مەکتەب، دکتۆر محەمەد خورشید بەرپرسی لقی ١٢، هەڤاڵانی کارگێڕ و بەرپرسانی ناوچەکانی سنوورەکە ئەنجام درا، لە گوندی دەرە قەیسەر سەردانی مەزاری شەهیدانی بنەماڵەی حاجی حوسێن دەرە قەیسەریان کرد، لەوانە، مەزاری شەهیدانی فەرماندە (شەهید جەلال، شەهید سەباح، و برایانی شەهیدی فەرماندە سەردار حاجی حوسێن).
مەزاری خوالێخۆشبووان (حاجی حوسێن) و (دایە خاڵ شیرین) هەڵگری مەدالیای بارزانی، بە هەمان شێوە (جەبار جەلال حاجی حوسێن).
مەزاری شەهیدی فەرماندە (محەمەد عارف).
دواتر لە گۆڕەستانی گوندی خارگێڵان، مەزاری فەرماندەی خوالێخۆشبوو (نەسرەدین هەورامی) و هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (سەباح هەورامی) بەسەرکرانەوە.
لە وتەیەکدا بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، عەلی حوسێن ڕایگەیاند، "هەمیشە جێی ڕێزن و ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتوو و هەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە. ئێمە وەک وەفا و ڕێز سەردانی مەزارەکانیان دەکەین و لەبیریان ناکەین، هەروەها درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی ئەوان دەبین.
لە بەرامبەردا، بنەماڵەی شەهیدان وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە، ئاماژەیان بەوە کرد کە شانازی بە شەهیدەکانیانەوە دەکەن کە لە پێناو خاک و گەلی کوردستاندا بوونەتە قوربانی، و جەختیان کردەوە کە شەهیدان تەنیا موڵکی بنەماڵەکانیان نین، بەڵکو موڵکی تەواوی نەتەوەکەن.
لە بەشێکی تری بەرنامەی سەردانەکەدا و لە هەمان ڕۆژدا، وەفدەکە سەردانی خۆرنەوازیانیان کرد لە بناری چیای سورێن (کە لە ساڵانی هەشتاکاندا بارەگای ناوچەکانی لقی سێ و چوار بووە). لەوێدا عەلی حوسێن تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاو و مێژوویی خەڵکی ناوچەکە و شۆڕشگێڕان، کە لەو بارەگایانەوە خەباتی بێپچڕانیان کردووە و قوربانیی گەورەیان لە پێناو ڕزگاریی کوردستاندا بەخشیوە.







