چل و شەشەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ لەسەر پێگەی مێژوویی و نەتەوەییی پێشمەرگە بەڕێوە چوو

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی سیروان بارزانی، د. سالار عوسمان و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و فەرماندە سەربازییەکان، چل و شەشەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی (پێشمەرگە وەکو سەربازی ون لەناو ناسیۆنالیزمی كوردستان)یدا بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سیروان بارزانی، د. سالار عوسمان، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، فەریق جەمال ئێمینکی و بە بەشداریی بەرفراوانی کەسایەتیی سەربازی، ئەکادیمی و مەدەنی، چل و شەشەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و لە سەروویانەوە بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێکرد.
لە درێژەی گفتوگۆکەدا، ڕاپۆرتێکی مەیدانیی فراوان لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان نمایش کرا، کە تێیدا ژمارەیەک لە ئەکادیمیست و پسپۆڕان ڕوانگەی زانستی و نیشتمانیی خۆیان لەسەر ڕۆڵی مێژوویی هێزی پێشمەرگە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێم خستبووە ڕوو.
دواتر لە دانیشتنێکی کراوەدا، بە ئامادەبوون و بەشداریی هەریەکە لە سیروان بارزانی، فەریق جەمال ئێمینکی، فەریق جەبار یاوەر، قاسم سەمیر، هەژار عومەر ئیسماعیل، د. نەجیبە ئیبراهیم، سەمیر محێدین، خالید عەبدولکاکەیی، جرجیس یۆنان و د. ڕەنجبەر جەمیل، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ (شڤان حەمدی، عیماد تەها، د. جەلال ئەحمەد و فەرهاد محەمەد)، گفتوگۆیەکی قووڵ و هەمەلایەنە لەسەر پێگەی پێشمەرگە وەکو سیمبولی کوردستانیبوون، قەڵای پێکەوەژیان و پارێزەری سەرەکیی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کرا.
جێگەی ئاماژەیە، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل و دەقی تەواوی ئەم گفتوگۆ گرنگە لە ژمارەی ڕۆژی ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ی گۆڤاری (گوڵان)دا بڵاو دەکرێتەوە.





