مانگی داهاتوو جووتسایدێکی دیکە دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP. info- پڕۆژەی رێگای کۆڕێ-شەقڵاوە-قەندیل 90%ـی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە مانگی داهاتوو بە رووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.
هەڵگورد وەلی، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەی رێگای جووتسایدی کۆڕێ-شەقڵاوە-قەندیل، راگەیاند، بڕیارە کەمتر لە مانگێکی دیکە پرۆژەکە بکرێتەوە.
گوتیشی، تا ئێستا زیاتر لە 90%ـی کارەکانی تەواو بووە و بە تەواوبوونیشی، رێگای نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی نیو کاتژمێر کەم دەبێتەوە.
پرۆژەکە رێگایەکی جووتسایدی سەردەمیانەی 10 کیلۆمەترییە و دوو تونێل و سێ یەکتربڕ لەخۆ دەگرێت. لە ئێستادا رووناکی و پێکهاتەکانی تونێلی میراوە تەواو بوون و کەوتووەتە خزمەت هاووڵاتییان، هەروەها کارکردن لە تونێلی ماوەڕان بە چڕی بەردەوامە و بە باشترین شێوە دروست دەکرێت.
هەڵگورد وەلی ئاماژەی بەوە دا، لە ناوەڕاستی رێگاکە و لە کیلۆمەتری پێنجی پرۆژەکەدا، رێڕەوێکی فریاگوزاری دروست دەکرێت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی سیستەمی وەستانیان لەکار دەکەوێت، تاوەکو لەوێ بتوانن خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و هیچ رووداوێکی نەخوازراو روو نەدات.
لەم پرۆژەیەدا هەموو لایەنەکانی سەلامەتی رەچاو کراون و سێ یەکتربڕ دروست کراون بۆ ئەوەی هاتوچۆی شۆفێران ئاسانتر بکات.
تێچووی پرۆژەکە زیاتر لە 90 ملیار دینارە و لە لایەن کۆمپانیا و دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی سەرەکییش لێی ئاسانکارییە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی جەنجاڵییە لە دەڤەری سۆران.
